تێكهەڵچوون لە زیندانی رەجایی شار/ ئەگەری مانگرتنی 60 زیندانیی سیاسی

20:56 - 6 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: دوابەدوای تێكهەڵچوونی مەئموورانی زیندانی رەجایی شاری كەرەج لەگەڵ زیندانیانی سیاسیی، ئەگەری ماگرتنی لە خواردنی 60 زیندانیی سیاسیی لە ئارا دایە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا و بە پشت بەستن بە سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو زیندانەوە، ئەمڕۆ رێكەوتی 6‌ی رەزبەر یەكێك لە زیندانیانی سیاسیی بەناوی \"نەوید خانجانی\" بە مەبەستی پشكنینی پزیشكی رەوانەی بیهداریی ناو زیندان كراوە و لەوێ‌لەلایەن یەكێك لە لێپرسراوانی زیندانەوە بێحورمەتیی پێكراوە.

لە درێژەی هەواڵەكەدا هاتووە، ئەو هەڵسوكەوتەی \"ئەفسەر نیگابان\" ناڕەزایەتیی \" خالید حەردانی\" زیندانییەكی دیكەی لێكەوتۆتەوە و لە ئەنجامدا تێكهەڵچوون لە نێوان ئەو زیندانییە سیاسییە و مەئمووری زیندان درووست بووە.
\"7193.jpg\"
پاش ئەو تێكهەڵچوونە شۆرای پۆلێن بەند( تەبەقە بەندی)‌ی زیندانی رەجایی شار بڕیاری یەك حەفتە راگرتن لە ژووری تاكەكەسی بۆ خالید حەردانی دەركردووە.

ئەو بڕیارە بۆتە هۆی ئەوەی كە نزیك بە 57 زیندانیی سیاسیی ساڵۆنی 12‌ی بەندی 4ی زیندان ناڕەزایەتیی دەرببڕن و پێش بە چوونی خالید بۆ زیندانی تاكەكەسی بگرن.

ئەو زیندانییانە رایانگەیاندووە ئەگەر بارودۆخەكە ئاسایی نەكرێتەوە دەست دەدەنە مانگرتن لە خواردن.

نەوید خانجانی چالاكی مافی كەمینەكان و مانگی رەشەمەی ساڵی 1388 لە ماڵی باوكی لە ئیسفەهان دەستبەسەر و دواتر بە 12 ساڵ زیندانی تەعزیری حوكم درا.

\"خالید حەردانی\"ش لە زیندانیانی عەرەبی ئێرانە و بە زیندانی هەتاهەتایی مەحكووم كراوە.