تێرۆری هاووڵاتییانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە کوردستانی باشوور، لە دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤ لە ژنێڤ دەخرێتە بەرباس

15:04 - 15 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران- ژنێڤ، تێرۆری هاووڵاتییانی کوردی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەخاتە بەرباس.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران-ژنێڤ، لە ٣٧هەمین دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤی ڕێكخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، تێرۆری هاووڵاتییانی کوردی کوردستانی ڕۆژهەڵات، دەخاتە بەرباس و لێکۆڵینەوە.

هەروەها نوێنەری مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران- ژنێڤ، لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەو دانیشتنەدا، وتارێک لە پەیوەندی لەگەڵ بارودۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان پێشکەش دەکات.

لەو دانیشتنەدا، دوایین ڕاپۆرتی عاسمە جەهانگیر، لەسەر بارودۆخی مافی مرۆڤی لە ئێران، کە نزیک بە سێ حەوتووییە گیانی لە دەست داوە، بڵاو دەکرێتەوە و تاوتوێ دەکرێت.

نوێنەرانی حکوومەتی ئێرانیش، لەو دانیشتنەدا بەشدار دەبن و لەو پەیوەیندییەدا چەند وتەیەک پێشکەش دەکەن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران- ژنێڤ، یەکەمین ڕێکخراوی مافی مرۆڤە، کە ڕێپۆرتێری تایبەتی ئەو ڕێکخراوە لە کاروباری ئێران، ڕاپۆرتەکانی لە پەیوەندی لەگەڵ پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان، پێشکەش بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات.