تێرۆری زەنجیرەیی کوردەکانی ڕۆژهەڵات لە کوردستانی باشوور دەست پێ کردەوە

15:33 - 16 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری پیرانشار، لە شاری ڕانیە لە کوردستانی باشوور تێرۆر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ چوارشەممە ١٦ی ڕەشەممە، هاووڵاتییەکی کورد، بە ناوی \"قادر قادری\" خەڵکی شاری پیرانشار، لە ناوچەی \"بالیسان\"ی شاری ڕانیە سەر بە پارێزگای سلێمانی لە لایەن کەسانێكی نەناسراوە تێرۆر کرا.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی حدک، لە شاری هەولێر وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە، ڕاگەیاند: لێکۆڵینەوەکان لەو پەیوەندییەدا لەسەر چۆنیەتی هۆکاری ڕوودانی ئەو ڕووداوە بەردەوامە و لە داهاتوودا ئاگاداریی زیاتر بڵاو دەبێتەوە.

سەرچاوە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن، کە ئەو ئەندامەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە لایەن ئەندامانی سپای قودس \"لقی دەرەوەی سپای پاسداران\" تێرۆر کراوە.

ڕێکەوتی ١٥ی سەرماوەز، ژمارەیەک لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو حیزبە جیابوونەوە و ناوی \"حیزبی دێموکراتی کوردستانـ\"ـیان بۆ خۆیان هەڵبژارد و بە شێوەی فەرمی چالاکی سیاسی_تەشکیلاتی خۆیان لە ناوچە کوردنشینەکان دەست پێکرد.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ئێوارەی پێنجشەممە ١٠ی ڕەشەممە، دوو هاووڵاتیی کورد، بە ناوەکانی \"سەلاح و سەباح ڕەحمانی\" خەڵکی شاری کامیاران، لە شارۆچکەی بنەسڵاوەی شاری هەولێر کرانە ئامانجی بۆمبێک و بە توندی بریندار بوون، ڕۆژی دواتر سەباح ڕەحمانی بە هۆی قووڵبوونی برینەکانی گیانی لە دەست دا.