كتێبی \" ماڵێك پڕ لە بەستەنی\" گەیشتە دەستی منداڵان

15:51 - 27 بەفرانبار 2714
ئاژانسی كوردپا: نووسەرێكی كوردی خەڵكی مەریوان كتێبی \" ماڵێك پڕ لە بەستەنی\" لە سێ‌ هەزار نوسخەدا چاپ و بڵاو كردەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، زانیار درخشانی كە پێشتریش بەرهەمێكی تایبەت بە منداڵان لەچاپ داوە، لە تازەترین بەرهەمی خۆیدا هەوڵی داوە كە كۆمەڵێك بیرەوەریی شێعر و بابەتی تایبەت بە منداڵان لەنێو كتێبی \" ماڵێك پڕ لە بەستەنی\"‌دا بگونجێنێ‌.

\"24227.jpg\"
زانیار درخشانی، نووسەری كورد
ئەو نووسەرە كوردە لەو كتێبەدا هەوڵیشی داوە كە منداڵاتی كورد لەگەڵ شێوزای دروستی ژینگەپارێزی ئاشنا بكات.

ئەو بەرهەمە لە سێ‌ هەزار نوسخەدا لەلایەن دەزگای چاپەمەنی \" ئەوین\"‌ـەوە لەچاپ دراوە و لە ئاستی ئوستانی كوردستاندا بڵاو كراوەتەوە.

كتێبی ماڵێك پڕ لە بەستنی لەلایەن (مەهاباد رەحیمی)ـەوە كاری دیزاین و گرافیكی بۆ كراوە.

پێشتریش كتێبی \" ژینگەی خاوێن\" لەنووسینی زانیار درخشانی بڵاو كرابوویەوە كە تێیدا شێعر و بابەتی لەوەسفی سروشتدا گونجاندبوو.

زانیار درخشانی تەمنی ٢٥ ساڵە و لەشاری مەریوان لەدایك بووە و یەكێك لە شانۆنامەكانی بەناوی \" خەزنی بزەیی\" لەپاركی ملەتی مەریوان نمایش كراوە.