تیمێکی بەرگریکار بۆ داکۆکی لە مافی قوربانیانی شێناوێ پێکهات

01:35 - 18 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: کۆمەڵێک لە پاریزەرانی کورد بۆ بەدواداچوونی مافی قوربانیانی رووداوی شیناوێ، تێمێکی سەربەخۆی قەزاییان پێکهێنا.

\"عوسمان موزەیەن\" پارێزەری کورد رایگەیاند: هەتا ئێستا ٩ کەس لە پارێزەرانی پارێزگاکانی کوردستان، ورمێ و تاران بۆ بەشداربوون لەو تیمەدا ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە.

هەواڵدەریی ئیسنا بڵاوی کردەوە، ئەو تیمە پارێزەرە بەبێ لەبەر چاو گرتنی لایەنی مادی و بەبێ بەرامبەر پارێزەریی قوربانیانی رووداوی شیناوێ و بنەماڵەی ئەو قوربانیانە دەگرنە ئەستۆ، تاکوو لە رێگەی تۆمار کردنی سکاڵاوە تاوانبارانی ئەو رووداوە سزا بدرێن.

عوسمان موزەیەن ئەوەشی خستەڕوو، هەتا ئێستا هیچکام لە بەرپرسانی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا هەڵوێستێکی تایبەتییان لە راستای داکۆکی یاسایی لە ماف، تەندروستی و دەوا و دەرمانی قوربانییانی ئەو رووداوە ئەنجام نەداوە.

موزەیەن رایگەیاند: دۆخی تەندروستی ٧ کچە قوتابی کە لە نەخۆشخانە گەراونەتەوە بۆ ماڵەوە ناجێگیرە و بە رێژەیەکی بەرچاو تووشی سووتان بوون و پێویستییان بە چاوەدێریی پزیشکی هەیە.

\"نادر قازی‌پوور\" نوێنەری پارێزگای ورمێ ئەمڕۆ لە مەجلیس هۆشداری داو رایگەیاند، کە بارودۆخی تەندروستی ٣ کچە قوتابیی رووداوی شیناوێ ناجێگیرە و پێویستە بۆ چارەسەریی برینەکانیان بۆ دەرەوەی وڵات بەڕێ بکرێن.

رۆژی رابردوو یەکێک لە بەرپرسانی دەزگای قەزایی پارێزگای ورمێ رایگەیاند: بەپێی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکان هیچ کەس یان ناوەندێک وەک تاوانباری رووداوی شیناوێ نەناسێندراون.

رۆژی ١٥ی سەرماوەز ٣٧ کچە قوتابیی پۆلی ٤ی سەرەتایی قوتابخانەی کچانەی گوندی شیناوێی سەر بە پیرانشار بەهۆی تەقینەوەی سۆبەی نەوتیی پۆلەکەیان تووشی رووداوی ئاگر بوون کە هەتا ئێستا ٢ کەسیان بەو هۆیەوە گیانیان لەدەست داوە.