تیمی کەم کردنەوەی ڕێژەی تەڵاق لە شاری سنە دامەزرا

16:05 - 16 خەرمانان 2716
‌ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی ئیدارەی \"بێهزیستی\"ی شاری سنە ڕایگەیاندووە کە؛ \"لە ئێستادا دوو تیمی کەم کردنەوەی ڕێژەی تەڵاق لە دادگا و ناوەندی فریاکەوتنی کۆمەڵایەتیی شاری سنە دامەزڕاوە.\"

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، \"ئەرسەڵان ئەحمەد یاری\"، لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێری تەسنیم\"دا، باسی لەوە کردووە کە زۆرترین کەسانێک کە داوای تەڵاق دەکەن، کەسانێکن کە ماوەی سێ بۆ پێنج ساڵ بەسەر ژیانی هاوبەشییاندا تێپەڕیوە.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە؛ هۆکارەکانی تەڵاق لە نێوان هاوژینەکاندا جیاوازیی زۆری هەیە، بەڵام هۆکاری سەرەکیی جیابوونەوەی هاوسەران دەتوانێ هەست نەکردن بە بەرپرسایەتی لە نێو ژیانی هاوبەشدا بێت. شایانی باسە ئاستی تەڵاق لە تەمەنی نێوان ٢٨ تاکوو ٣٥ ساڵ‌دا، زۆرتر بەرچاو دەکەوێت.

\"ئەرسەڵان ئەحمەد یاری\" هەروەها ئاماژەی بە منداڵانێک کرد کە بە ناوی منداڵانی تەڵاق ناویان لێ دەبەنک و لە کۆمەڵگادا تووشی کێشەی کۆمەڵایەتی دەبنک و ناتوانن لە داهاتوودا کەسانێکی سەرکەوتوو بن.