تیمی هەندباڵی کچانی سنە لە خولی نایاب لابرا

21:57 - 11 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: تیمی هەندباڵی شاری سنە پاش ١٦ ساڵ کار و چالاکی لە بواری ورزشی لە خولی نایاب لابرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا: تیمی هەندباڵی کچانی شاری سنە بە هۆی نەبوونی ئێسپانسەر و نەبوونی پشتیوانی لە لایەن کەرتی تایبەتەوە بۆ دووهەمین جار لە خولی نایاب لابرا.

یەکێک لە ئەندامانی ئەو تیمە کە نەیوویست ناوی ئاشکرا بکرێت لەو پەیوەندییەدا بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"دوو ساڵ پێش لە ئاستی سەرەوەی پۆلێن بەندییەکە بووین و بە هۆی نەبوونی ئێسپانسەر هاتینە دەستەی یەک و ناچار بووین بە پارەی شەخسی خۆمانەوە لە دەستەی یەکدا یاری بکەین تا بتوانین دووبارە بەشداری خولی نایاب بین\".

ناوبراو هەروەها دەڵێت: \"پاش سەرکەوتن بۆ خولی نایاب، جارێکی دیکە بە هۆی نەبوونی ئێسپانسەر و گرێبەست ڕاهێنەری تیمی هەندباڵی کچانی شاری سنە لەگەڵ تیمی دیکە و بە جێهێشتنی تیمەکە لە لایەن ٥ کەس لە باشترین یاریزانانەوە لەگەڵ دابەزین بەرەوڕوو بووینەوە\".

ئەو ئەندامەی تیمی هەندباڵی کچانی سنە دەڵێت: \"پاش ١٤ ساڵ بەشداری لە بواری وەرزشی بەرپرسانی ئیدارەی تەربیەت بەدەنی بەڵێنی پشتیوانیان بە ئێمە دا، بەڵام بەشی کەرتی تایبەت لە پشتیوانی کردنی ئێمە خۆی بوارد\".

ناوبراو لە درێژەدا دەڵێت: \"تیمی هەندباڵی کچانی سنە لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا لە بواری وەرزشیدا کار و چالاکی کردووە بە بێ ئێسپانسەر درێژەی بە کار و چالاکی خۆی داوە و ئەمساڵ جێگای تیمەکەی ئێمە لە خولی نایابدا بە باشی هەستی پێدەکرێت\".

ناوبراو لە کۆتاییدا دەڵێت: \"تیمی هەندباڵی سنە پاش ١٦ ساڵ بەشداری لە بواری وەرزشی بە هۆی پشتگوێ خستنی بەرپرسانی پارێزگا لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو بووتەوە\".

تیمی هەندباڵی شاری سنە یەکێک لە باشترین تیمەکانی هەندباڵی ئێران بە ئەژمار دێت و تەنیا تیمێک بوو کە بۆ یەکەم جار لە مێژووی هەندباڵی ئێراندا بانگهێشتی جامی باشگاکانی ئاسیا کراوە .

هەموو ئەندامانی ئەو تیمە خۆجێین و هیچ یاریزانێکی بیانی لەو تیمەدا نییە.