تیراژی کتێب لە ئێراندا گەیشتووتە نزمترین ئاستی خۆی

21:04 - 17 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: لە ئێران تیراژی کتێب بە بەراورد لەگەڵ حەشیمەتی ئەو وڵاتە دابەزینێکی زۆری بەخۆوە بینیوە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، عەلی باباچاهی شاعیری هاوچەرخ و بەناوبانگی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی ڕەشەمە، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ناوەندی هەواڵدەریی \"ئیسنا\"، باس لەوە دەکات کە؛ \"کتێبەکانی تایبەت بە شێعر، ڕۆمان، فەلسەفە و بەرهەمە لێکۆڵینەوەیی و توێژینەوەییەکان لە ئێراندا تیراژیان گەیشتووتە ئاستی ٤٠٠ دانە و هەندێ جاریش کەمتر لەو ڕێژەیەش\" و ناوبراو لەو دۆخە بە \"ئەسەفناک\" وەسف دەکات.

دابەزینی تیراژی کتێب لە ئێراندا لەحاڵێکدایە کە پێشتر و لە دەیەکانی ٥٠ و ٦٠ی هەتاوی‏دا، تیراژی کتێب لە ئێراندا سنووری ٣ هەزار جڵدی تێپەڕاندبوو.

ناوەندی نووسەرانی ئێران لەم ساڵانەی دوایی‏دا بە بەردەوامی ڕەخنەی لە بوونی سانسۆڕ لەسەر کتێب و نانەوەی بەربەست و ئاستەنگ لەسەر ڕێی چاپی کتێب گرتووە.

هەرچەند عەلی باباچاهی لەو وتووێژەدا ئاماژە بەوە دەدا کە لە دەوڵەتی ڕووحانیدا دۆخی سانسۆڕ باشتر بووە، بەڵام زۆربەی خامە بەدەستانی ئێران بۆچوونی دژ بەوەیان هەیە. ڕەزا خەندان مەهابادی نووسەر و ئەندامی ئەو ناوەندە، باسی لەوە کردووە کە؛ \"دۆخی سانسۆڕ لە دەوڵەتی ڕووحانیدا هێچ جیاوازییەکی بە بەراورد لەگەڵ دەوڵەتەکانی پێش ئەو نیە\".

ناوەندی نووسەرانی ئێرانیش لەو پێوەندییەدا دەڵێت: \"لە ئێراندا سانسۆڕ بەردەوامە\" .