تۆپبارانی خاکی هەرێمی کوردستان لە لایەن سپای پاسدارانەوە دەستی پێکردەوە

21:55 - 26 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: خاکی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە لە لایەن تۆپخانەکانی سپای پاسدارانەوە کرایە ئامانج.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاتژمێر ٢ دوانیوەڕی ئەمڕۆ ٢٦ی پووشپەڕ، تۆپخانەکانی سپای پاسداران ناوچەی \"گوندە ژوور\"ی سەر بە شاری چۆمان و ناوچەی \"بەربەزین\" لە سیدەکانیان تۆپباران کرد.

هەواڵنێری کوردپا ڕایگەیاند: \"تۆپبارانکردنی ئەو ناوچانە بە خەستی درێژەی هەیە و زیانی زۆری بە ژینگەی ئەو دوو ناوچەیە گەیاندووە\".

تۆڕی میدیایی ڕووداو لەو بارەوە هەروەها ڕایگەیاند:\" تۆپخانەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە چڕی گوندەکانی بنیڕەشکێن، بەنێ، بنپەرێزە، بەرهۆڵ، بەرچیخە، کەتینە و بەربزێن تۆپباران دەکەن و بە هۆیەوە ئاگر لە ناوچەکە کەوتووەتەوە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە و گوندەنشینەکانی ئەو ناوچەی ناچار بە چۆڵکردنی شوێنی خۆیان بە هۆی تۆپبارانەکەوە بووە\".

لە ساڵی ٩٥ی هەتاوی هەتا ئێستا، سپای پاسداران چەندین جار خاکی هەرێمی کوردستانی عێراقی تۆپباران کردەوە و قەراگای حەمزە \"بوونی حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران لە خاکی هەرێمی کوردستان\" بە هۆکاری تۆپبارانکردنی خاکی هەرێـمی کوردستان دەزانێت.

ساڵی ڕابردووە، محەممەد پاکپوور فەرماندەی هێزی زەمینیی سپا لە دژکردەوە بە تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی فارس باسی لەوە کردبوو: \"پێشتریش باسمان لەوە کردبوو کە ئێمە لە سەر ئەو ستراتژییەی خۆمان پێداگری دەکەین و ئەو مافەش بۆ خۆمان بە ڕەوا دەزانین کە حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن کە لە حاڵی مەشق و ڕاهێننان، بەرنامەڕێژی بۆ نائەمنکردنی ناوچە سنوورییەکانی بن لە هەر شوێنێک بن ئێمە هێرشیان دەکەینە سەر\".

بەرپرسانی هەرێمی کوردستان چەندین جار باسیان لەوە کردووه: \"حکومەتی ئێران و حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی دەبێ لە ڕێگای وتووێژ پرسی خۆیان چارەسەر بکەن\".