\"تۆمەتە وەپاڵدراوەکان\" لە لایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە، بۆ پێشگرتن لە چالاکیی ئەنجومەنی قەڵەمی هاوچەرخی کورد

15:14 - 17 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: ناوەندە حکوومەتییەکان ڕێگری لە چالاکییەکانی ئەنجومەنێکی فەرهەنگیی لە شاری پاوەدا دەکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەنجومەنی فەرهەنگیی \"قەڵەمی هاوچەرخی کورد\" لە شاری پاوە، کەوتووەتە ژێر گوشاری ناوەندە فەرهەنگییەکانی سەر بە حکوومەتی ئێران.

چالاکێکی فەرهەنگیی کورد، لەم بارەوە بە هەواڵنێری کوردپای ڕاگەیاندووە: لە هەمان سەرەتای دامەزراندنی ئەنجومەنی فەرهەنگیی قەڵەمی هاوچەرخی کوردەوە، ئەم ئەنجومەنە لە ژێر گوشاری ناوەندە فەرهەنگییەکانی حکوومەتدا بووە و لە رێگەگەلێکی جۆراوجۆرەوە هەوڵ دراوە، کە پێش بە چالاکییەکانی بگیردرێت.

ئەم چالاکە فەرهەنگییە وتی: ئەنجومەنی قەڵەمی هاوچەرخی کورد، پاش بەڕێوەچوونی هەر چالاکییەکی فەرهەنگی، کەوتووەتە بەر گوشار و هەڕەشەی ناوەندە فەرهەنگییەکانی سەر بە حکوومەت و ناوەندە ئیتلاعاتییەکان.
.
به وتەی ئەم چالاکە فەرهەنگییە، چالاکییەکانی ئەنجومەنی فەرهەنگیی قەڵەمی هاوچەرخی کورد، هەمیشە بە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان لە لایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانەوە ڕووبەڕوو بووە.

ئەم چالاکە فەرهەنگییە لە کۆتاییدا جەختی کردەوە: لە فەزای هەنووکەیی کوردستاندا، هەر ئەنجومەنێک بیەوێت به شێوەی سەربەخۆ چالاکی بکات، لەگەڵ کێشە ڕووبەڕوو دەبێتەوە و لە لایەن ناوەندە فەرهەنگییەکانی سەر بە ڕێژیم و ناوەندە ئیتلاعاتییەکان دەکەوێتە ژێر چاودێڕییەوە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٧ی خەرمانان، هیدایەت مەحموودی، بەرپرسی ئیدارەی ئیرشادی شاری پاوە لە مەراسمی ڕێزگرتن لە مامۆستا عوسمان هەورامیدا، به بەڕێوەبردنی شەوی شێعری \"پلوورەوارانی دەنگەکان\" لە لایەن ئەنجومەنی فەرهەنگیی قەڵەمی هاوچەرخی کوردەوە دژکردەوەیان نیشان دا.

ناوبراو هەروەها وتبووی: \"نابێ ئیزن بدرێت هەرکەس بە خواستی خۆی شێعر و بابەتی خۆی بێنێت، دەبێ شێعر و بابەتی شاعێرەکان پێداچوونەوە و سانسۆر بکرێت و نابێ لە پاوەدا بە هەر کەسێک ئیزنی ئەوە بدرێت کە هێڵە سوورەکانی حکوومەتی ئێران ببەزێنێت\".