تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکان وەپاڵ هاووڵاتییانی ناڕازی دەدرێت

11:43 - 1 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: جێگری سیاسی- ئەمنییەتیی پارێزگاری سنە و فەرماندەی هێزە نیزامییەکانی ئەو پارێزگایە، هاووڵاتییانی ناڕازیی بە "ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە.

"حوسێن خۆش ئیقباڵ"، جێگری- سیاسی ئەمنییەتیی پارێزگای سنە لە وتووژێکدا لەگەڵ هەواڵدەرییەکی حکوومەتی، بە پشتڕاستکردنەوەی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی ناڕازی لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی شارەکانی کوردستان، وتوویەتی، هاووڵاتییانی ناڕازی، سەر بە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێرانن.

ناوبراو هەروەها لەسەر ئەوە پێداگریی کرد کە دەزگای ئیتلاعات لە حاڵی ناساندن و دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی ناڕازیی کوردستانن.

جێگری سیاسی- ئەمنییەتیی پارێزگاری سنە باسی لە دەسبەسەرکردنی ٥٠ هاووڵاتیی ناڕازی لە ناڕەزایەتییەکانی کوردستانی کرد، بەڵام بە وتەی شایەتحاڵەکان و چالاکانی مافی مرۆڤ، دەیان هاووڵاتیی ناڕازی لە ناڕەزایەتییەکاندا دەسبەسەر کراون.

لە لایەکی دیکەوە، "عەلی ئازادی"، فەرماندەی هێزە نیزامییەکانی سنە، لە وتووژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "تەسنیم"، سەر بە حکوومەت، لەسەر پەیوەندیی هاووڵاتییانی کورد بە حیزبە کوردییەکانەوە پێداگریی کرد و وتی، ، بە هاوئاهەنگیی ناوەندە دادوەرییەکان، سزای قورس بەسەر ژمارەیەک لە بکەرانی سەرەکیی نائەمنییەکانی کوردستان دەسەپێنین.

فەرماندەی هێزە ئینتزامییەکانی سنە وتوویەتی، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی ناڕازی شناسایی کراون و لەژێر چاوەدێریدان.

پاش بەرزبوونەوەی نرخی بێنزین، خۆپیشاندانی بەربڵاو لە شارەکانی کوردستان بەڕێوە چوو و دەیان هاووڵاتیی کورد دەسبەسەر و دەیان کەسی دیکە بە تەقەی ڕاستەوخۆی مەئموورانی حکوومەت بریندار کران.