تووشبوونی ٧ منداڵی ژێر تەمەن ٥ ساڵ بە نەخۆشی کۆرۆنا

11:51 - 27 خاکەلێوه 2720

جێگری کاروباری تەندروستیی زانکۆی زانستی پزیشکیی پارێزگای سنە، باسی لە تووشبوونی ٧ منداڵی ژێر تەمەن ٥ ساڵان کرد کە تووشی نەخۆشیی کۆرۆنا بوونه.

"ئیبراهیم قادری" لە وتوویژێکدا، لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتی "مێهر" ڕایگەیاند: "تاقیکاری کۆرۆنا بۆ ئەو ٧ منداڵە کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون ئەرێنی بووە و هەنووکە ئەو منداڵانە لە ناوەندی دەرمانیی شاری سنە لە ژێر چاوەدێریی پزیشکی دان".

بە وتەی ئەو بەرپرسە حکوومەتییە، ٣ کەس لەو ٧ کەسە، تەمەنیان له ژێر ١ مانگ دایە.

جێگری زانکۆی زانستی پزیشکیی پارێزگای سنە، بە ئاماژەکردن  به تەمەنی گیان لە دەستداوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو پارێزگایەدا، وتی، لانیکەمی تەمەنی گیان لەدەستداوان لە نێوان ١٣ هەتا ٩٠ بووە.

سەرەڕای تووشبوونی ژمارەیەک زۆر لە هاووڵاتییان لە هەر چوار پارێزگای کوردستانی ڕۆژهەڵات، لایەنە پەیوەندییدارەکانی حکوومەتی هەتا ئێستا ئامارێکی وردیان سەبارەت بە ڕێژەی تووشبووان و گیان لەدەستداوان بڵاو نەکردووەتەوە.