تورکیە/ دەستدرێژیی ٦ سەربازی تورک بۆسەر کچێکی تەمەن ١٤ ساڵەی کورد

16:24 - 2 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: چەند رۆژ پێش ئێستا کچێکی تەمەن ١٤ ساڵەی خەڵکی شاری بینگۆل لەلایەن ٦ سەربازی تورکەوە دەستدرێژی سێکسی کرایە سەر و دواتریش دادگای شاری بینگۆلۆ ئەو ٦ سەربازەی بە بێ ‌تاوان لە قەڵەم دا و ئازاد کران.

دوابەدوای بڵاو بوونەوەی هەواڵی دەستدرێژیی سێکسیی ٦ سەربازی توک بۆسەر کچێکی تەمەن ١٤ ساڵەی کوردی خەڵکی شاری \"بینگۆل\" و ئازاد کرانی ئەو سەربازانە، شەپۆلێکی بەرینی ناڕەزایەتی لەلایەن چالاکانی مافی مرۆڤ لە کوردستانی تورکیە هاتە ئاراوە.

\"فاتمە شاهین\" وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتیی تورکیە، رۆژی شەممە رێکەوتی ١ی پووشپەڕ لە کۆبوونەوەیەکی رۆژنامەوانیدا لە شاری \"ئەنتاب\"ی تورکیە رایگەیاند، ئێمە بە هاوئاهەنگیی ئوستاندار و دادگا دەستمان بە لێکۆڵینەوە کردووە و لە رۆژانی دادهاتوودا لە هەمبەر ئەو سەربازانەو بڕیاری دادگادا هەڵوێستی جیددیمان دەبێت.

رۆژی رابردووش ژمارەیەک لە پارێزەرانی کورد و هاووڵاتییانی کورد لە زۆربەی شارەکانی کوردستان هەڵوێستی دادگای تورکییەیان سەبارەت بە ئازاد کردنی ئەو ٦ سەربازە تورکە دەربڕی و خوازیاری سزادانیان بوون.

لەلایەکی یدکەوە \"گوڵتان کشاناک\" یەکێک لە ئەندامانی سەرۆکایەتیی پارتی ئاشتی و دێمۆکراسی ئەو هەڵسووکەوتەی سەربازە تورکەکانی بە ئەنجامدانی تاوان دژی مرۆڤایەتی لە قەڵەم دا.

هەر لەو پەیوەندییەدا رۆژی شەممە خەڵکی شاری بینگۆل لە بەردەم دادگای ئەو شارەدا کۆبوونەوە و بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بڕیاری دادگا، مانیان گرت.