تورکیە، شەڕوانی کورد لە سوریە بە تیرۆریست لەقەڵم دا

15:14 - 7 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: گەڵاڵەی ئاگربڕی نێوان ئامریکا و ڕووسیە لە سووریە لە لایەن بەرپرسانی تورکیەوە دژایەتی لەگەڵ دەکرێت.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرۆک وەزیرانی دەوڵەتی تورکیە بە ڕەخنەگرتن لە ڕێککەوتنی ئاگربڕ لە سوریە، پابەندنەبوونی وەڵاتەکەی بەو گەڵاڵەیەی ڕاگەیاند.

داوودئوغڵوو لە وتووێژێکی تەلەفیزیۆنیدا، وتی: وڵامی هەر چەشنە هێرشێکی شەڕوانانی تیرۆریستی کورد دەدەینەوە.

مەبەست لەو هەڵوێستەی تورکیە، هێزەکانی سەربە پارتی یەکیەتیی دێمۆکراتیک ــ لقی پ.ک.ک لە سوریەیە.

حکوومەتی تورکیە بەرەوپێش چوونەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل( YPG)ی لە کانتۆنی کۆبانی بۆ کانتۆنی عفرین( درێژەی سنووری باشووری تورکیە) بە هەڕەشەیەکی نەتەوەیی دەزانێ و بنکەکانی ئەو ڕێکخراوەیە لە باکووری شاری حەلەب بۆردوومان دەکات.

ڕێککەوتنی ئاگربڕ پاش ئەوە دێت کە وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیە و ئامریکا سەبارەت بە ڕووداوەکانی سوریە گەیشتنە لێتێگەیشتنێک کە لەلایەن رێژیمی ئەسەدیش پەسند کراوە.

ئەو ئاگربڕە، دەوڵەتی ئیسلامی(داعش) جبهەتونەسر و لقی سووری ئەلقاعیدە ناگرێتەوە.

کۆتایی حەوتووی ڕابردووش، سەرۆک کۆماری تورکیە بە نیگەرانیەوە دەیڕوانییە ڕێککەوتنەکە و ڕایگەیاند: ڕووسیە، ئامریکا و ئێران لە قەیرانی سووریە بە شوێن بەرژەوەندی خۆیانن.

ئوردۆغان خوازیاری کردنەدەرەوەی هێزە کوردییەکانی سووریە لە بازنەی ئەو ئاگربڕەیە.

سبەی، هەشتی ڕەشەمە یەکەم ڕۆژی دەسپێکی ئەو ڕێککەوتنەیە.

لە ڕاپورتێکی ڕادیۆ فەرانسەدا هاتووە کە لە ساڵی ٢٠١١ کە شەڕی ناوخۆیی سووریە دەستی پێکردووە تاکوو ئێستا ٢٧٠ هەزار کەس کوژراوی هەبووە و ڕێژیمی ئەسەد لەنێوان تێکۆشەرانی ئازادی، شۆڕشگێڕان و جیهادییەکان جیاوازی دانانێ و هەموو بە \"تیرۆریست\" دەزانێت.