تراژێدیای کوژران و بریندار کردنی کۆڵبەرانی کورد بەردەوامە

15:15 - 22 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بریندار کرا و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر لە کوردستانی باشوور کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی ٢١ی ڕەزبەر، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لە شوێنێک بە ناوی \"پردی سۆران\" کاروانی کۆڵبەرانیان دایە بەر دەستڕیژی گوللە.

هەواڵنێری کوردپا لەو بارەوە ڕایگەیاند: بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکان، کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری پیرانشار بە سەختی بریندار بووە و بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی هەنووکە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر لە کوردستانی باشووردایە.

هەواڵنێری کوردپا، شوناسی ئەو کۆڵبەرە بریندارەی بە \"ئەبووبەکر فەیزە\" تەمەن ٥٠ ساڵ ڕاگەیاندووە.

سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند؛ ئەو کۆڵبەرە تەمەن ٥٠ ساڵە لەلای سەریەوە گوللەی بەرکەتووە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، کۆڵبەرانی کورد لە نێو خاکی باشووری کوردستاندا لەلایەن هێزە نیزامییەکانی ئێرانەوە تەقەیان لێ کراوە.

چەند ڕۆژ پێش، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی مەئموورانی چەکدار لە گوندی \"چۆمان\" سەر بە شاری بانە، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی مێهدی ڕەحیم زادە کوڕی ئەحمەد، گیانی لەدەست دا.

هەر ساڵ زیاتر لە سەدان کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە گیانیان لەدەست دەدەن.

زۆرترین ئاماری کوژرانی کۆڵبەران لە شارەکانی مەریوان، سەردەشت، بانە، شنۆ، پیرانشار، نەوسوو و جوانڕۆ ڕوودەدات.