تاڵاوەکانی ئازەربایجانی رۆژئاوا مەترسیی فەوتانیان لەسەرە و لە لیستی \"مۆنترۆ\" دەرنەهێنراون

14:38 - 16 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: تاڵاوەکانی \" حەسەنلوو، شوور گوڵ و یادگارلوو\" هەڵکەوتوو لە ناوچەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا بەپێچەوانەی ئیدیعای لێپرسراوان، لە لیستی سووری \"مونترو\" دەرنەهێنراون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، تاڵاوەکانی \"حەسەنلوو، شوور گوڵ و یادگارلوو\" لە نەغەدە و ورمێ‌بەهۆی کەڵک وەرگرتنی خراب لە ئاوەکانی و هەروەها پێڕانەگەیشتنیان لە بواری ژینگە پارێزییەوە بەرەوڕووی فەوتان بوونەتەوە.

لەو بارەیەوە بەرپرسی دەبیرخانەی شۆرای ناوچەیی گۆڵی ورمێ‌رایگەیاندووە، لەهەوڵی ئەوە داین ئەو سێ‌تاڵاوە لە لیستی \"مۆنترۆ\" دەربهێنین و هەروەها تاڵاوی سوڵدووز بە لیستەی کوتنسی‌ونی رامسەر زیاد بکەین.

\"مۆنترۆ\" ناوی یەکێک لە شارەکانی وڵاتی \"سویس\"‌ـە و سەرجەم ئەو تاڵاوانەی کە لە برەبەری فەوتان و گۆڕانی ئیکۆلۆژیکی دان دەخرێنە ناو ئەو لیستەوە و لیستی سووری مۆنترۆ لە چوارەم دانیشتنی ئەندامانی بەڵێندەری کۆنڤانسیۆنی رامسەر بڕیاری لەسەر دراوە.

ساڵی ١٣٤٩‌ی هەتاوی نوێنەرانی چەندین وڵات لەشاری رامسەری ئێران رێککەوتنامەیەکیان لەژێر ناوی \"پەیماننامەی رامسەر\" کە لەبواری \"پاراستنی باڵەندەکانی نێو ئاوی تاڵاوەکان\" چالاکی دەکات، دامەزرا.

لەوڵاتی ئێران ٢٥٠ تاڵاو بە رووبەری ٢ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار هێکتار بوونی هەیە و ٢٢ تاڵاو لەکۆی گشتیی ئەو تاڵاوانە لەلیستی کۆنڤانسیۆنی رامسەردا تۆمار کراون.

تاڵاوەکانی \"شوورگوڵ، یادگارلوو، تاڵاوی ئەنەلی، شادگان، نەیریز، هاموون و حەسەنلوو\" لەئێران لەلیستی سووری \"مونترو\" دان.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە ماوەیەک لەمەوبەر جێگری رێکخراوی ژینگەپارێزیی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا لەوتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی ئیسنا گوتبووی: تاڵاوەکانی \"شوور گوڵ، حەسەنلوو و یادگارلوو\" لەلیستی سووری \"مۆنترۆ\" دەرهێنراون.

لە ناو ئەو سێ‌تاڵاوەدا، تاڵاوی یادگارلوو زیاترین شوێنە کە باڵەندە کۆچەرییەکان رووی تێ دەکەن.

هێندێ‌هۆکاری وەکوو، بەفیڕۆ دانی ئاو، درووست کردنی بەنداو، لێدانی بیر و پیسبوونی ژینگە بۆ لە ناوچوونی ئەو تاڵاوانەدا رۆڵیان هەیە.

لەئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوادا نزیک بە سی تاڵاو بوونی هەیە و لەکۆی گشتیی ئەو تاڵاوانە، ٦ دانەیان لە ریزی نێودەوڵەتیدا تۆمار کراون.