تاوتوێ كردنی پرسی پێشێڵكاریى مافی یارسانەكان لەرێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان

16:01 - 21 جۆزەردان 2714
ئاژانسی كوردپا: لەیەكەمین دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لەئورووپا، پرسی پێشێڵكردنی مافی هاووڵاتیانی كوردی پەیڕەوی ئاینی یاری هاتۆتە بەرباس.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی سێ‌شەممە رێكەوتی ٢٠‌ی جۆزەردان لەژنێڤ بەرگریكارانی مافی مرۆڤی ئێران، یەكەمین كۆبوونەوەی خۆیان، كە هاوكات بوو لەگەڵ بیست و شەشەمین دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، بەڕێوە برد.

لەو دانیشتنە یەك رۆژەیەدا، پرسی پێشێڵكردنی مافی مرۆڤ لەلایەن حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە هاتۆتە بەر باس و چالاكانی كرێكاری، مافی مرۆڤ و رۆژنامەنووسان سەرنج و تێبینییەكانی خۆیان لەو كۆبوونەوەیەدا پێشكەش كردووە.

\"20456.jpg\"
عەلی مێهرابی، چالاکی یارسانی
چالاكێكی كورد وێڕای ئاماژە بە خۆكوژیی سەربازێكی پەیڕەوی ئاینیی یاری لە پادگانی سوپای پاسداران لە شاری بیجار، وتوویەتی: فەرماندە نیزامییەكان فشاریان بۆ حیكمەت سەفەری هێنابوو، کە دەبێ ئایینی خۆی بگۆڕێ‌.

عەلی مێهرابی، كە باسێكی لەژێر ناوی \" هەڵاواردن و زۆڵم و زۆری بەدژی یارسان\" پێشكەش كردبوو، دەسەڵاتدارانی ئێرانیی بە كەمتەرخەمیی و خەمساردی لەهەمبەر كۆمەڵگەی یارسان تاوانبار كردووە.

هەر لەو پێوەندییەدا و بەوتەی هێلمۆت گابل، چالاكی مافی مرۆڤ و بەڕێوەبەری هەواڵدەریی مێهر (لقی ئاڵمان)، \"رۆحانییەت لەئێران لەهەوڵی بە سیستماتیك و كانالیزەكردنی \"بەهەشت\" دایە و ئەگەریش هەر كەسێك رێگەیەكی پێچەوانە لە بەهەشت هەڵبژێرێ‌، سزا و سەركوت دەكرێ‌\".

پەیڕەوانی ئاینیی یاری گەورەترین كەمینەی ئایینی لەئێرانن، كەلە مافی هاووڵاتی بوون بێبەرین.

كۆمەڵگەی یارسان بەهۆی بوونی دوو شوناسی كورد بوون و یارسانی بوون لەلایەن حكوومەتی ئێرانەوە بەرەوڕووی هەڵاواردن بوونەتەوە.

لەو بارەیەوە سایتی \"دوێچەوێلە(رادیۆ ئاڵمان)\" بڵاوی كردۆتەوە، لە كۆبوونەوەی كاتژمێر ١١‌ی سەرلەبەیانی رێكەوتی ٢٠‌ی جۆزەردان كە لەلایەن رێكخراوی ناحكوومی \"سودویند\" لەبنكەی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان رێكخرابوو، ژمارەیەك چالاكی مافی مرۆڤ و رۆژنامەنووس بابەتیان پێشكەش كردووە، كە بریتی بوون لە:
ئەمیر نیلوو، چالاكی مافی مرۆڤ ـ توورەج ئەبووزەرخانی، چالاكی كرێكاری و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ئەنجومەنی سینفی رۆژنامەنووسانی ئازاد ـ هێلمەت گابل، چالاكی مافی مرۆڤ ـ عەلی مێهرابی، چالاكی مافی مرۆڤ ـ مریەم مۆئەزێنزادە، نوێنەری كازمی برووجێردی ـ محەممەد كەسایی‌زادە، دامەزرێنەری ئەنجومەنی سینفی رۆژنامەنووسانی ئێران ـ عەبدولڕەزا تاجیك رۆژنامەنووس.

ناوی پیلای كۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە مەڕاسمی كردنەوەی بیست و شەشەمین كۆبوونەوەی شۆرای مافی مرۆڤ، ئاماژەی بە ئاماری چوونە سەری لەسێدارەدانەكان لەئێران كردووە و وتوویەتی: \"لە ژانویەی ٢٠١٤وە هەتا ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ حاڵەتی لەسێدارەدان لەئێران رووی داوە و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان، تاوانەكانی پەیوەندیدار بە ماددەسڕكەرەكان بە تاوانی زۆر مەترسیدار نایەتە ئەژمار و حوكمەكەی سێدارە نییە\".

ئەمڕۆ چوارشەممە رێكەوتی ٢١‌ی جۆزەردانیش دانیشتنێكی دیكە لەژێرناوی \" بەرگری لەرۆژنامەنووسان\" بە پشتیوانی رێكخراوەكانی \"سودویند\" و \"هەواڵنێرانی بێ‌سنوور\" لە بنكەی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لە\"ژنێڤ\"‌ی سویس بەڕێوە دەچێت.

رێكخراوی ناحكوومی \"سودویند\" ساڵی ١٣٥٨‌ی هەتاوی(١٩٧٩) لەوڵاتی ئوتریش دامەزراوە و لە پێناسەكەیدا هاتووە، لە ساڵی ٢٠٠٩وە بۆتە ئەندامی راوێژكاری شۆرای ئابووری و كۆمەڵایەتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و لەبوارەكانی \"مافی مرۆڤ و رەخساندنی دەرفەتی گونجاوی كاركردن بۆ هەموو تاكێك\" چالاكیی دەكات.