تانکێرە نەوتهەڵگرەکان لە کوردستان ئەمجارەش ڕووداویان خوڵقاند

14:44 - 17 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی سەرەولێژبوونەوەی تانکێری نەوتهەڵگر لە جادەی نێوان مەریوان_سنە، ٢ هاووڵاتی گیانیان لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ڕابردوو لە جادەی مەریوان بۆ سنە، لە سێ ڕێیانی گوندی \"بەرقڕوو\" تانکێرێکی نەوتهەڵگر لەگەڵ ئۆتۆمبیلێکی سەواری تووشی پێکدادان بوون.

لەو پێکدادانەدا، دوو هاووڵاتی دەستبەجێ گیانیان لەدەست دا و هاووڵاتییەکی دیکەش بە هۆی زەربەی مێشکیەوە لە نەخۆشخانەی \"بووعەلی\"ی شاری مەریوان لە بێهۆشی‌دایە.

\"\"بەرپرسانی تۆڕی بێهداشتی شاری مەریوان باسیان لە \"پلاکی هەمەدان\" لەسەر ماشینە سەوارییەکە کردووە.

لە سەرەتای مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا، وەرگەڕانی تانکێرێکی نەوتهەڵگر لە هەمان جادەدا، بوو بە هۆی گیانلەدەستدانی چوار کەس کە یەکێکیان منداڵێکی تەمەن ٦ ساڵان بوو.

ئەو ڕووداوە بوو بە هۆی ئەوە کە، چالاکانی مەدەنی لە کوردستان کەمپەینێک بە ناوی \"نا بۆ تانکێری مەرگ\" وەڕێبخەن.

بەپێی ئامارەکان، ڕۆژانە نزیکەی ٤٠٠ هەتا ٨٠٠ تانکێری نەوتهەڵگر عێراقی لە جادەکانی کوردستاندا هاتوچۆ دەکەن.

ڕێگای ١١٠ کیلۆمێتریی جادەی نێوان مەریوان_سنە، بە مەترسیدارترین و نائەمنترین جادە لە کوردستان بە ئەژمار دێت، و ڕووداوی هاتوچۆ لەو جادەیەدا بە نیسبەت ئێران، چەند قاتی نێونجی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لەو وڵاتە بووە.

لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵەوە، ٢٠٥ کەس بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆوە لە پارێزگای کوردستان گیانیان لەدەست داوە، کە ١٦٠ کەس لەو ڕێژەیە، لە جادەکانی دەرەوەی شار گیانیان لەدەستداوە.