تاران/ بەڕێوەچوونی کۆڕیادێک بۆ شێرکۆ بێکەس + وێنــە

20:49 - 26 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: رێوڕەسمی کۆڕیادی شێرکۆبێکەس، شاعیری ناوازەی کورد رۆژی پێنج‌شەممە لە تالاری \"وەحدەت\"ی تاران بەرێوە چوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٤ی گەلاوێژ ئۆگرانی فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردی و هەروەها رێژەیەکی بەرچاو لە ئەدیب، نووسەر و رۆشنبیرانی کوردی دانیشتووی تاران رێوڕەسمێکیان لەژێر ناوی \"شەوی شێرکۆ\" بەڕێوە برد.

سەرەتای رێوڕەسمەکە \"قوتبەدین سادقی\" دەبیری ئەدەبی هونەری چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: \"من چاوپێکەوتی \"شێرکۆ بێکەس و ئەحمەد شاملوو\"م لە نزیکەوە بینیەوە کە لەو دیدارەدا دوو شاعیری بێ وێنە و نوێخوازی رۆژهەڵاتی جیهان کەوتنە بەر چاوم\".

لە درێژەی ئەو رێوڕەسمەدا، پەیامی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان خوێندرایەوە کەلە بەشێک لەو پەیامەدا هاتبوو، \"مردنی شێرکۆ بێکەس جیهانی تووشی داچڵەکان کرد کە هەتا ئێستاش زۆرێک لە شاعیران بڕوایان بە مردنی شێرکۆ بێکەس نەهێناوە\".

کوردەکانی نێشەجێی ناوەند (مقیم مرکز)، ئەنستیتۆی فەرهەنگیی کوردستان و ئەنستیتۆی زمانی کوردیی \"راژە\" بە ناردنی پەیام هاودەردیی خۆیان راگەیاند.

هەروەها لە بەشێک لەو رێوڕەسمەدا \"میر جەلالەدین کەزازی\" توێژەری زمانی کوردی بۆ کۆچی شێرکۆ گوتی: \" بەراستی کوردستان دەروازەی مێژووە و هەر کەس لێوەی تێپەڕ بێت، دەگەرێتەوە بۆ لای زێدی پڕ نەهامەتیی باو باپیرانی خۆی کە بێگومان شێرکۆ بێکەس یەکێک لەو کەسانەیە. شێرکۆ بێکەس دەنگێکە لە قووڵایی مێژووەوە دێت کە ئەو دەنگە لە ئاوازی زۆرێک لە هونەرمەنداندا رەنگی داوەتەوە.

شێعری \"بووکی خوێن\" لەلایەن کامبیز کەریمی\" شاعیری کوردەوە وەرگێرادرابوویە سەر زمانی فارسی و لەو رێوڕەسمەدا خوێندرایەوە.

سەعدوڵلا نەسیری و دیلان نەسیری دو هونەرمەندی کورد وێــڕای ئەوە کە چەندین پارچە مۆسیقایان پێشکەش کرد، شێرکۆ بێکەسیان بە \"شێرکۆ گشت کەس\" لەقەڵەم دا.

لە کۆتایی رێوڕەسمەکەدا \"شارام نازری\" مامۆستای مۆسیقای کلاسیک، بۆ یادی شێرکۆ بێکەس ٢ پارچە مۆسیقای پێشکەش کرد و رایگەیاند، ئێمە بۆ کەسانێک رێوڕەسم دەگرین کە سەرجەم بەرهەمەکانی لە ئاڵۆزییەکاندا خولقاندبێت.

دەگوترێت زیاتر لە ١٥٠٠ کەس لەو رێوڕەسمەدا بەشدارییان کردبوو کە بەهۆی کەمیی جێگەوە زۆربەی ئۆگران نەیانتوانی لە نێو هۆڵەکەدا بەشداری رێوڕەسمەکە بن.

شێرکۆ بێکەس رۆژی ١٣ی گەلاوێژی ئەمساڵ لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید ماڵئاوایی لە ژیان کرد و لەسەر وەسیەتی خۆی لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی ئەسپەردەی خاک کرا.

وێنـــه: ئیسنا

\"14672.jpg\"

\"14671.jpg\"

\"14670.jpg\"

\"14669.jpg\"

\"14678.jpg\"

\"14677.jpg\"

\"14676.jpg\"

\"14673.jpg\"