تاران؛ گیانلەدەستدانی گوماناویی هاووڵاتییەکی کورد لە گرتنگەی هێزە ئینتزامییەکان

12:05 - 24 خاکەلێوه 2722

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "میلاد جەعفەری" تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی شاری کرماشان و دانیشتووی شاری تاران، بە شێوەی گوماناوی لە یەکێک لە گرتنگەکانی هێزە ئینتزامییەکان گیانی لەدەست دا.

یەکێک لە نزیکانی ئەو هاووڵاتییە کوردە لەو پەیوەندییەدا بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "میلاد جەعفەری ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی خاکەلێوە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی سڕکەر، لەلایەن پۆلیسی ئاگایی شاپوور لە شاری تاران ئازار و ئەشکەنجە دراوە و پۆلیسی ئاگایی لە وڵامی بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان، ڕایانگەیاندووە کە کوڕەکەیان لەو ئیدارەیە نییە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "پاش سەردانی بنەماڵەی جەعفەری بۆ پزیشکی یاسایی کەهریزەکی تاران، وێنەکانی تەرمی میلادیان پیشانی باوکی داوە و هۆکاری گیانلەدەستدانی میلادیان بەربوونەوە لە بەرزایی لە کاتی دەسبەسەری ڕاگەیاندووە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "ئیدیعاکانی پزیشکی یاسایی لە کاتێکدایە کە لەسەر جەستەی ئەو هاووڵاتییە شوێنی لێدان و ڕەش و شینبوونەوە دیار بووە، هەروەها شوێنی پەڵەخوێن بە دەموچاویەوە دیار بووە و بنەماڵەکەی هۆکاری گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان بە ئازار و ئەشکەنجە لەلایەن مەئموورانی ئاگایی زانیوە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "تەرمی میلاد جەعفەری ڕۆژی هەینی ١٩ی خاکەلێوە ڕەوانەی پزیشکی یاسایی کەهریزەکی تاران کراوە، بەڵام هێزە ئینتزامییەکان ڕێکەوتی گیانلەدەستدانی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بۆ ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی خاکەلێوە گەڕاندووەتەوە".

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، بنەماڵەی میلاد جەعفەری پێداگرییان لەسەر ئەوە کردووە کە هەتا ئەنجامی توێکاری و ڕوونبوونەوەی هۆکاری گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان، لە وەرگرتنی تەرمی کوڕەکەیان خۆ دەبوێرن.