تاران؛ چالاکێکی کرێکاری کورد پاش ٥ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی چارەنووسی ناڕوونە

12:05 - 30 خاکەلێوه 2722

چالاکێکی کرێکاری کورد بە ناوی "مورتەزا سەیدی" تەمەن ٣٧ ساڵ خەڵکی شاری کامێران و دانیشتووی شاری تاران، پاش ٥ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی چارەنووسی ناڕوونە.

ئەو چالاکە کرێکارییە ڕۆژی هەینی ٢٦ی خاکەلێوە لەگەڵ ٥ چالاکی دیکە  لە شاری تاران دەسبەسەر کرابوون.

ئەو چالاکە کرێکاریانە بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار نزیک لە بنەماڵەی "سەیدی" بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاندووە، سەرەڕای هەوڵەکانی بنەماڵەی ئەو چالاکە کرێکارییە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی مورتەزا سەیدی، بێ ئاکام بووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو خێزانی ئەو چالاکە کرێکارییە بە ناوی "زارا سادقی" ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی خاکەلێوە، سەردانی ئیدارەی ئیتلاعات و پۆلیسی ئەمنییەتی شاری تارانی کردبوو، بەڵام هیچ سەرەداوێکی لە چارەنووسی هاوژینەکەی دەست نەکەوتبوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ ناوەندێکی ئەمنییەتی و قەزایی بەرپرسایەتیی دەسبەسەرکردنی ئەو چالاکانەی بە ئەستۆ نەگرتووە و ئەمەش نیگەرانیی بنەماڵەی ئەو چالاکانەی لێ کەوتووەتەوە.