تاران؛ هاووڵاتییەکی ناڕازی بە کوشتنی ژینا ئەمینی دەسبەسەر کرا

11:42 - 27 خەرمانان 2722

ڕۆژی هەینی ٢٥ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی ناڕازی بە "قەتڵی حکوومەتی" ژینا ئەمینی بە ناوی "زانیار محەممەدنژاد" تەمەن ٢٣ ساڵ خەڵکی سنە و دانیشتووی شاری تاران، لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە بەرانبەر نەخۆشخانەی کەسرا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەبسەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەریی ئەو هاووڵاتییە ناڕازییە ناوبراویان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هەتا ئێستا بەداوداچوونی بنەماڵەی محەممەدزادە، بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان، بێئاکام ماوەتەوە.

ڕۆژی هەینی ٢٥ی خەرمانان، ژینا (مەهسا) ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵە خەڵکی شاری سەقز، که لە ئەنجامی لێدان و ئازار و ئەشکەنجە، لەلایەن مەئموورانی گەشتی ئیرشاد، چووبووە بێهۆشی درێژخایەن، لە نەخۆشخانە کەسرای تاران، گیانی لە دەست دابوو.

پاش بڵاوبوونەوەی هەوڵی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، ژمارەیەک لە هاووڵاتییان بە کۆبوونەوە لە بەرانبەر نەخۆشخانەی کەسرای تاران، ناڕەزایەتییان بە کوژرانی قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی دەربڕی و ژمارەیەک لەو هاووڵاتییە ناڕازییانە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.