تاران؛ هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە بە لێدانی باتوم گیانی لەدەست دا

19:17 - 23 خەزەڵوەر 2722

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "حەمید گوڵی"، تەمەن ٤٦ ساڵ، کوڕی محەممەد، خەڵکی سنە، لە درێژەی ناڕەزایەتییەکان لە تاران، بە هۆی لێدانی بەردەوامی باتوم لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە لە نەخۆشخانەی تەجریش گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لە درێژەی نارەزایەتییەکاندا، بە هۆی لێدانی باتوم تووشی شکانی کاسەسەر بووە و گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی تەجریش.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ڕایگەیاند: حەمید گوڵی سەرەتا چووەتە کۆماوە و دواتر بەهۆی توندیی لێدانەکانەوە گیانی لەدەست داوە.

بەپێی بەڵگەکانی پزیشکی دادوەری کە بە دەستی کوردپا گەیشتووە، پزیشکی دادوەری هۆکاری مەرگەکەی بۆ "زیانەکانی میشک(خوینڕێژیی مێشک و شکانی کاسەسەر) بە هۆی لێدانی شتی تیژ و قورس" گەڕاندووەتەوە و ڕێکەوتی مەرگەکەی ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١ ڕاگەیاندووە.

تەرمی حەمید گوڵی گوازراوەتەوە بۆ سنە و بە شەو و بە بێ بوونی خەڵک لە بەهەشتی محەممەدیی ئەو شارە بە خاک سپێردراوە.