تاران؛ سەید پووریا نەحوی، خوێندکاری خەڵکی مەریوان بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرا

11:14 - 11 سەرماوەز 2722

ڕۆژی دووشەممە ٩ی سەرماوەز، سەید پووریا نەحوی، خوێندکاری خەڵکی مەریوان، لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەڵەواتی" بە ٥ ساڵ زیندان، مەحکووم کرا.

ئەو خوێندکارە کارناسی زانکۆی فەنیی شەمسی‌پووری تارانە و بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی بەمەبەستی هەوڵدان دژی تەناهیی وڵات" و "تێکدانی نەزم و ئاسایش و بەشداریکردن لە کۆبوونەوە نایاساییەکان"، بەبێ دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کراوە.

سەید پووریا نەحوی تەمەن ٢١ ساڵ کوڕی ئەبووتالیب ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەر، لە ڕەوتی ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر بۆ زیندانی تارانی گەورە (فەشافوویە)، گواستراوەتەوە.