تاران؛ سامان ڕەحمانی بە لێدانی باتوم گیانی لەدەست دا

19:32 - 23 خەزەڵوەر 2722

شەوی هەینی، ٢٠ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سامان ڕەحمانی"، کوڕی سدیق، خەڵکی تیکاب بەهۆی لێدانی بەردەوامی باتوم لە لایەن هیزە سەرکوتکەرەکانەوە لە قەڵای حەسەن‌خان (شاری قودس)ی تاران گیانی لە دەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە سەرکوتکەرەکان هێرشیان کردووەتە سەر چەن هاووڵاتییەک کە خەریکی نووسین دروشم بوون، لەو کاتەدا سامان ڕەحمانی دەسبەسەر دەکەن و چەندین جار بە باتوم ئەیدەنە بەر لێدان.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ڕۆژی شەممە، ٢١ی خەزەڵوەر، هێزە ئەمنیەتییەکان لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا داوا لە بنەماڵەی ڕەحمانی دەکەن کە بۆ ناسینەوەی کوڕەکەیان سەردانی پزیشکی دادوەریی قەڵای حەسەن خان بکەن.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها وتی: هێزە ئەمنیەتییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ڕەحمانی کردووە کە لە درکاندنی زانیاری لەسەر هەواڵی مەرگی کوڕەکەیان بۆ ڕای گشتی خۆ ببوێرن.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: تەرمی سامان ڕەحمانی لە ژێر توندترین ڕێوشوێنە ئەمنیەتییەکاندا گوازراوەتەوە بۆ تیکاب و هێزە ئەمنییەتییەکان ئیزنی شۆردنی تەرمەکەشیان بە بنەماڵەکەی نەداوە.

ئەم سەرچاوەیە وتیشی: تەرمی سامان ڕەحمانی، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٢ی خەزەڵوەر، بە هەبوونی بنەماڵەکەی و لە ژێر ڕێوشوێنی توندی ئەمنییەتیدا لە مەزاری "شەریف ئاباد"ی تیکاب بە خاک سپێردراوە.

ئەم سەرچاوەیە ئەوەشی وت: هێزە ئەمنیەتییەکان ڕێگەی گەیشتوو بە مەزاری "شەریف ئاباد"یان بەستووە تا پێش بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی سامان ڕەحمانی بگرن.

ئەم سەرچاوەیەی کوردپا ڕایگەیاند: کاناڵە تێلێگرامییەکانی ڕاگەیاندنی ڕێوڕەسمەکانی کۆچی دوایی لە تیکاب، لە ژێر گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتدا، ڕاگەیەندراوی کۆچی دوایی سامان ڕەحمانییان سڕیوەتەوە.

سامان ڕەحمانیی تەمەن ٢٨ ساڵ، لە دوو ساڵ پێشەوە لەگەڵ بنەماڵەکەی لە تاران ژیاوە و تەنیا باوکی لە تیکاب بووە.