تاران؛ دەسبەسەرکردنی ٧ پارێزەر و چالاکێکی مەدەنی
ڕۆژی شەممە ٢٣ی گەلاوێژ، ٧ پارێزەر و چالاکێکی مەدەنی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە شاری تاران دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.
شوناسی ئەو ٧ پارێزەر و چالاکە مەدەنییە "مستەفا نیلی"، "ئارەش کەیخوسرەوی"، "محەممەدڕەزا فەقیهی"، "مەهدی مەحموودیان" ، "محەممەدهادی عیرفانیانکاسب"، "مریەم ئەفرافەراز" و "لەیلا حەیدەری" ڕاگەیەندراوە.
هەواڵدەریی "هێرانا" لەو بارەیەوە بڵاوی کردووەتەوە لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەو ٧ پارێزەر و چالاکە مەدەنییە، هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بەسەر هەندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراوان وەکوو مۆبایلی ئەو کەسانەدا گرتووە.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، محەممەدهادی عیرفانیانکاسب، پاش چەند کاتژمێر لە دەسبەسەرکرانی، ئازاد کراوە.
دەسبەسەرکردنی خۆسەرانەی ئەو ٧ پارێزەر و چالاکە مەدەنییە، بەبێ بەڵگەی یاسایی بووە و هەتا ئێستا ڕوون نییە کە کام ناوەندی ئەمنییەتی بەرپرسی ئەو دەسبەسەرکرانانە بووە.
ئارەش کەیخوسرەوی، مستەفا نیلی، محەممەدڕەزا فەقیهی، محەممەدهادی عیرفانیانکاسب و لەیلا حەیدەری پارێزەری دادگوستەری و مەهدی مەحموودیان ڕۆژنامەنووس و مریەم ئەفرافراز چالاکی مەدەنییە.