بەینشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسیی کورد، کونسوولخانەی ئێران لەهەولێر بەردەباران کرا + وێنــە

22:07 - 17 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: کونسوولخانەی ئێران لەشاری هەولێر، لەلایەن ژومارەیەک خۆپیشاندەرانی نارازی بە لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسیی کورد لەئێران، بەردەباران کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ دوابەدوای خۆپیشاندانێک کە لە پارکی شانەدەری هەولێر بەڕێوەچوو، ژومارەیەک خۆپیشاندەر و چالاکی سیاسیی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەسێدارە دانی زیندانیانی سیاسیی کورد لەئێران، کونسولخانەی ئەو وڵاتەیان بەردە باران کرد.

ئەو خۆپیشاندانە لەلایەن \"ئەنجومەنی زێد\" و \"کەمپەینی نا بۆ لەسێدارەدانی لاوانی کورد\" رێکخرابوو، کەتیایدا نزیک بە هەزار کەس بەشداربوون و خۆپیشاندەران لەسێدارە دانی زیندانیانی سیاسیی کوردیان لە وڵاتی ئێران، مەحکووم کرد.

هەروەها دەگوترێت کە چەند کەسێک لە خۆپیشاندەران، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە دەستبەسەر کراون، بەڵام هەتا ئێستا ئەم هەواڵە بە فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە.

هەواڵنێری کوردپا راگەیاند؛ هەنووکە دەوروبەری کونسولخانەی ئێران لەشاری هەولێر لە دۆخێکی ئەمنیەتی دایە و رێگە بە هاتووچۆی هاووڵاتییان و هەواڵنێران دەگیردرێت.

رۆژی ٤ی خەزەڵوەری ئەمساڵ دوو زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی \"حەبیبوڵڵا گوڵپەری‌پوور\" و \"رەزا ئیسماعیلی\" لە زیندانەکانی ورمێ و سەڵماس لە سێدارە دران.

هەروەها شێرکۆ مەعارفی پاش ٥ ساڵ راگیران لە زیندان، سەرئەنجام رۆژی رابردوو رێکەوتی ١٣ی خەزەڵوەر لە زیندانی ناوەندیی شاری سەقز لە سێدارە درا.
\"16636.jpg\"

\"16637.jpg\"

\"16638.jpg\"

\"16641.jpg\"

\"16639.jpg\"

\"16642.jpg\"