بەیانییەی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان ــ مەریوان لەمەڕ داواکاریی واکسیناسیۆنی دەسبەجێ و سەرتاسەری

11:55 - 26 بەفرانبار 2720

لە کاتێکدا کە نزیکەی ساڵێک لە بڵابوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنا لە ئێران تێپەڕ دەبێت و هەزارن کەس لە هاونیشتمانانمان بوونەتە قوربانیی ئەو نەخۆشییە، کە لەنێوانیاندا، ژمارەیەک لە قوتابییان، مامۆستایان و خانەنشینکراوە فەرهەنگییەکان قوربانیی ئەم نەخۆشییە بوونە، هاوکات ناکارامەیی سیستماتیک و سیاسەتە هەڵەکانی ئابووری و گەمارۆکان و گەندەڵیی پێکهاتەیی گشتگیر، پشتی خەڵکی ئێرانی لەژێر ئەو گوشارە ئابووریانەدا، چەماندووەتەوە.

لەو نێوانەدا سەرەڕای هەوڵە لە خۆبۆردووییەکانی پەرەستاران، پزیشکەکان و کادرەکانی نەخۆشخانەکانی ئێران و هەروەها سەرەڕای ئامارە دروستکراوەکان کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕێژەی تووشبووان و قوربانیانی کۆرۆنا دەخاتەڕوو، لە لایەکی دیکەوە ناکارامەیی سیستمی بێهداشتی ئێران، لە کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیی کۆرۆنا لە لای هەمووان ئاشکرا و ڕوونە.  لەم هەلومەرجە سەخت و دژوارەدا و لە کاتێکدا کە زۆربەی وڵاتانی دراوسێی ئێران، واکسیناسیۆنی دەسبەجێیان دەست پێ کردووە، لە وڵاتی ئێمە بەبێ خستنەڕووی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی لوژیکی و زانستی، واکسێنەکانی پەسەند کراوی ڕێکخراوی بێهداشتی جیهانی ڕەت دەکەنەوە و بەڵێنیی واکسیناسیۆنی لە مانگەکانی داهاتوویان داوە، بەڵێن‌گەلێک، کە پێشبینی دەکرێت وەکوو زۆرێک لەو بەڵێنانەی لەم ساڵانەدا دراوە و جێبەجێ نەکراوە، زیاد بێت.

جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە بە بڵاوبوونەوەی ڤایروسی کۆرۆنا و داخرانی قوتابخانەکان، سەرەڕای هەوڵە فراوانەکانی مامۆستایان لە بارهێنانی مەجازی و دووریی بەردەوامی قوتابییان لە قوتابخانە، زیاتر لە هەموو شتیک کاریگەری نێگەتیڤی لە سەر بارهێنانی وڵات داناوە، هەڵبەتە لەم بارودۆخە هەنووکەییە و بە سرنجدان بەبڵابوونەوەی کۆرۆنا، بارهێنانی مەجازی باشترین بڕیار بووە، هەتا کاتی واکسیناسیۆنی سەرتاسەری دەبێت ئەم ڕەوتە درێژەی هەبیت، پیویستە کە بڕیاربەدەستانی حکوومەتی سەرنجی زیاتریان لەسەر ئەو کارە گرینگە هەبیت.

 بەردەوامیی بڵابوونەوەی کۆرۆنا سەرەڕای ئەوەیکە قربانیبوونی ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی لێ دەکەوێتەوە، گوشاری ڕەوانی و ئابووری لە سەر خەڵکی ئێران بە تایبەتی توێژی خەسارهەڵگری وەک مامۆستایان و کرێکاران زیاتر دەکات و دەبێت وەک ڕۆژان و مانگەکانی ڕابردوو شایەتی ڕەوتی زۆربوونی ناهەنجارییە کۆمەڵایەتییەکانی توندوتیژی، قەتڵەکانی بنەماڵەیی و خۆکوژیی کرێکاران، لاوان و قوتابییان بین.

 ئێمە وەکوو ڕێکخراوێکی سێنفی و ناوەندێکی مەدەنی بە ئەرکی خۆمانی دەزانین کە بە بڕیاربەدەستانی سیاسیی هۆشدار بدەین،کە لێکەوتەکانی دواکەوتن لە واکسیناسیۆنی دەسبەجێ و سەرەتاسەری لە ئێراندا، لە ئەستۆی ئەواندایە و پێشنیار دەکەین کە هاوئاهەنگ لەگەڵ ڕێکخراوی بێهداشتی جیهانی و هاوتەریب لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکان بۆ واکسیناسیۆنی دەسبەجێ و سەرتاسەریی خەڵک هەوڵ بدەن، هەر بەو شێوەیە کە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان لە حاڵی ئەنجامدانی واکسیناسیۆنی دەسبەجێ و سەرتاسەرین.

ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان ــ مەریوان