بەیانییەی ٦ رێکخراوی مافی مرۆڤی کورد سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە ئێران

15:36 - 13 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: ٦ رێکخراوی مافی مرۆڤی کورد سەبارەت بە یازدەیەمین خولی هەڵژاردنی سەرکۆماری لە ئێران بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.

لە بەشێک لەو بەیاننامەیەدا هاتووە، حکووومەتی ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ٣٤ ساڵی رابردوودا بێ باوەڕیی خۆی بە دێمۆکراسی و هەڵبژاردن بە دنیای دەرەوە سەلماندووە و بەبەردەوامی لەلایەن رێکخراوە نێونەتەوەییەکانەوە مەحکووم کراوە.

ئەو ٦ رێکخراوە رایانگەیاندووە، ئێمە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە ئێران بە پلانێکی داڕێژراو و فەرمایشی، نادێمۆکراتیک دەزاینین و لەسەر ئەو باوەڕەین کە بەشداری کردن لەو هەڵبژاردنانەدا ویست و مافی هاووڵاتییان دەستەبەر ناکات.

دەقی بەیاننەمەی ٦ رێکخراوی مافی مرۆڤی کورد:

بەپێی ماددەی ٢١ی جارنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ، هەر تاکێک مافی ئەوەی هەیە لە رێگەی هەڵبژاردنی ئازادانەوە نوێنەری خۆی بۆ بەرێوەبردنی دەوڵەتی دڵخوازی خۆی بەشداری بکات و بەم پێی ئیرادەی خەڵک دەبێتە بنەمای دەسەڵاتی دەوڵەتی حاکم و ئەو ئیرادەیەش دەبێ لە رێگەی هەڵبژاردنێکی دروستەوە بەڕێوە بچێت کە بەو پییە دەنگی گشتیی هاووڵاتییان کە مافێکی جیهانییە سەبارەت بە هەموو هاوولاتییان بەبێ جیاوازی بەڕێوە بچێت.

ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە بەشداری کردن لە هەڵبژاردنەکاندا بەپێی پێوەر و ستانداردە نێونەتەوەیی و مافی مرۆڤییەکان مافی هەموو هاووڵاتییانی ئێرانە.

بە سەرنجدان بەوەی کە لە سیستمی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ئەسلی ویلایەتی فەقێ و ناوەندەکانی سەربەو ویلایەتە و هەروەها شۆرای نیگابان کە تەنیا مافی کانیداتۆری بە چەند کەسێک ئەدات و لەلایەکی دیکەوە بەپێی ئەسڵی ماددەی ١٢ و١١٥ یاسای بنەڕەتیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران تەنیا باوەڕمەندان بە ئایین و مەزهەبی فەرمیی وڵاتی ئێران کە مەزهەبی شیعەیە، مافی خۆ پاڵاوتنیان بۆ پۆستی سەرکۆماری هەیە کە بەو پێیە مافی سەرەتایی سەرجەم پەیڕەوانی ئایین و مەزهەبەکانی دیکە کە بەشێکی بەرچاو لە دانێشتوانی وڵاتی ئێران پێک دێنن، پێشێل دەکەن.

هەر لەو پەیوەندییەدا و لە ماوەی ٣٤ ساڵی دەسەڵاتداریەتیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، ژنان کە نیوەی حەشیمەتی کۆمەڵگەیان پێکهێناوە لە مافی خۆ پاڵاوتن بێبەری کراون.

دەستێوەردانەکانی شۆرای نیگابان لەم خولە لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری گەیشتۆتە ئاستێک کە بە لابردنی پاڵێوراوانی \"غیرە خودی\"، داوایان لە دەنگدەران کردووە کە دەنگ بەو ٨ پاێوراوەی ئەوان بدەن.

پێویستە بگوترێت کە حکووومەتی ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ٣٤ ساڵی رابردوودا بێ باوەڕیی خۆی بە دێمۆکراسی و هەڵبژاردن بە دنیای دەرەوە سەلماندووە و بەبەردەوامی لەلایەن شۆراو کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، چاوەدێرانی مافی مرۆڤ، رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی مامفی مرۆڤی فەڕانسە، هەواڵنێرانی بێ سنوور و چەندین رێکخراوی دیکەوە مەحکووم کراوە.

جیا لە سەرکوت و کوشت و بڕی سیستماتیک بە دژی نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران، پێشێل کردنی مافی ژنان و منداڵان، شکاندنی پێنووسی رۆژنامەنووسان، دەستبەسەری و زیندانی کردنی چالاکانی مافی مرۆڤ، رۆژانمەنووسان، ئازار و ئەزیەت و زیندانی کردنی جیابیران لە سەرەتای دەسەلاتداریەتیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە هەتا ئێستا بەردەوام بووە و ئێستاش کۆڵبەران و کاسبکارانی سەرسنوور بۆ دابین کردنی بژیویی ژیانیان بە ئاشکرا بە دەستی هێزە نیزامییەکان دەکوژرێن، داکۆکیکارانی زمانی زگماکیش زیندانی دەکرێن.

ئێمە ٦ رێکخراوی دادکۆکیکاری مافی مرۆڤی کورد، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە ئێران بە پلانێکی داڕێژراو و فەرمایشی، نادێمۆکراتیک دەزاینین و لەسەر ئەو باوەڕەین کە بەشداری کردن لەو هەڵبژاردنانەدا نە تەنیا ویست و مافی هاووڵاتییان دەستەبەر ناکات، بەڵکوو تەئید کردنی هەڵبژاردنی نادێمۆکراتیک و بەرنامەڕێژی کراوی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەبێت.

کۆمیتەی کوردەکانی نیشتەجێی ئامریکا بۆ دێمۆکراسی و مافی مرۆڤ لە ئێران
کەمپەینی بەرگری لە زیندنایانی سیاسی و مەدەنیی کورد
رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان – کۆمیسیۆنی ئوروپا
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کورد – ئوروپا
رێکخراوی مافی ژنانی کورد
کوردۆساید واچ (چاک)