بەیاننامەی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسانی بە بۆنەی حەوتەمین ساڵڤگەڕی خۆسووتاندنی سێ یارسانیی ناڕازی
کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان بە بۆنەی حەوتەمین ساڵڤەگەڕی خۆسووتاندنی سێ هاووڵاتیی یارسانیی ناڕازی بە ناوەکانی "حەسەن ڕەزەوی، نیکمەرد تاهیری و محەممەد قەنبەری" بەیاننامەیەکیان بڵاو کردوە.
لە بەشێکی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە، لە مێژووی هەر کەمەنەتەوەییەک، کۆمەڵگایە، گرووپ و نەتەوەییەک، خاڵگەلێکی وەرچەرخان بوونی هەیە کە چارەنووسی ئەو خەڵکە بە خۆیەوە گرێ دەدات کە سەرچاوەی گۆڕانگاریی هزری، مێژوویی و کۆمەڵایەتی بووە. لە قۆناغی بەربەرەکانێ و خەباتی خەڵکی یارسانیش ئەو هەوراز و نشێوە و خاڵی وەرچەرخانە کەم نەبوونه و یەکێک لە بەرچاوترین کارەکان، ئەو حەرەکەتە بوو کە لە مانگی جۆزەردان ساڵی ٩٢ ڕوویدا.
لە بەشێکی ئەو بەیاننامەیەدا، هاتووە، حەسەن ڕەزەوی، نیکمەرد تاهیری و محەممەد قەنبری لە پێگەی ئاڵاهەڵکرانی ئەو حەرەکەتە ناڕەزایەتی و یەکسانخوازییە دژی هەڵاواردن بوون کە ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا.
لەبەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە، پاش ئەو ڕووداوە، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە سیاسیەتی دوو لایەنانەیان بەنسیبەت ئەو پرسە لە پێش گرت؛ لە لایەکی دیکەوە بە ڕەوانەزانینی ماف و داواکاریی یارسانییەکان، بەڵێنیان دا کە داخوازییەکانیان لە بەرنامەی دەوڵەتی دابێت و مافی یارسانییەکانی پێوە زیاد بکەن و لە لایەکی دیکەوە داخوازییە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو خەڵکەیان خستە بواری ئەمنییەتی و بە بەکاربردنی سیاسەتی چۆماق و هەویج هەوڵیاندا بەربەستەکانی پێکهاتە بۆ بەشداریی سیاسی و کۆمەڵایەتیی یارسان لە چوارچێوەی کارگوزاریدا کەم بکرێتەوە هەتا ئەو هەوڵە مافخوازانەی مرۆڤایەتی بەلاڕێدا نەچێت یا لانیکەم کۆنترۆڵ بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە، سەرەڕای نییەتپاکیی خەڵک و چالاکانی یارسانی و تەنانەت کاربەدەستانی ڕاستگۆ و واقعبین لە ناو نیزام، بە دەستبەرکردنی ئەو داخوازییانە لە پێچ و پەنای سیاسەتی دوو لایەنە، ئەو داخوازیانە ڕاگیرا و نە تەنیا بەربەستە پێکهاتەییەکان هەڵنەگیرا، بەڵکوو بوو بەهۆی تەنگترکردنی ڕێگاکانی گوشار و هەڕەشەی زۆرتر کە یەقەی چالاکانی مەدەنیی یارسانی گرتەوە.
ئێمە وێرای پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ شەهیدانی خۆشەویستمان، پێداگری لە سەر مافە ئینسانی و مرۆییەکانی خۆمان دەکەین و ڕایدەگەیەنین کە بە هەموو هێز و توانی خۆمان لە بەربەرەکانێی مەدەنیی یارسانییەکان و هەموو هاووڵاتییانی خۆمان بەشدار دەبین و لە بەرپرسان و کاربەردەستانی نیزامی کۆماری ئیسلامی داواکارین ڕوانگەی خۆیان بەنیسبەت داخوازییەکانی کۆمەڵگای یارسان و تەواو و مافخوازانی ئێران، بۆ لای عەقڵانییەت و دوور لە هەرچەشنە تووندتیژێک بگۆڕێت، چوونکوو لە جیهانی ئەمڕۆ،دا ئیتر ناتواندارێت دەنگەکان کپ بکرێت.