بەیاننامەی ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی شاری "سەقز" سەبارەت بە کوشتنی حکوومەتی ژینا ئەمینی و ڕووداوە خوێناوی و پڕ لە ئازار و زەجرەوەکانی پاش ئەو

22:04 - 6 بەفرانبار 2722

بە نێوی بەدیهێنەری ژن بە مافی ژیان لە ژێر سێبەری ئازادیدا

بەیاننامەی ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی شاری "سەقز" سەبارەت بە کوشتنی حکوومەتی ژینا ئەمینی و ڕووداوە خوێناوی و پڕ لە ئازار و زەجرەوەکانی پاش ئەو.

خەڵکی حەق­ویست و ئازادیخواز، هاوشاریان، کوردستانییەکان و خەڵکی بەڕێزی ئێران

ڕووداوی ژینا خاڵی دابڕان لە بارودۆخی دڵتەزێنی ڕابردوو و وەرچەرخانێکە بۆ داهاتوویەکی هومێددەر بۆ هەر مرۆڤێک کە لەم جوگرافیادا پەیامەکەی دەبیستێت و تێیدەگات و بە کردەوەی دەکات. کەمێک پێش ئەم ڕووداوە، کەمتر کەسێک پێشبینی ئەوەی دەکرد کە بەرینی ئەم ڕووداوە بەم شێوە شارەکەمان و وڵات و تەنانەت جیهانیش دابگرێت و مزگێنی­دەری بزووتنەوەیەکی ئاوا ڕوولەگەشە و بەرەوپێش بێت.

هەروەک چۆن هاواری ئازادی ژن لە زنجیری کۆیلایەتی مێژوویی، ئاوازێکی پێشەنگی بە گوێماندا چرپاند، هاوارگەلێکی ڕەسەنی خەوتووی دیکەیش لە ژێر سێبەری ئەم تاقانەی ژیانبەخشە لە ئەوکی هەناسەبڕاو ئازاد بوو. چەوساندنەوەی جینسییەتی بوو بە بنەمایەک بۆ ئەو هاووڵاتیانەی، کە بە ڕواڵەت پێملی چارەنووسی دۆخی زاڵی زۆڵ ببوون، تا لەگەڵ ئەم ڕووداوەدا هاودەنگ بن و کەرەسەگەلێکی نوێ دەستەبەر کەن کە زۆردار و دەسەڵاتدارە نالۆژیکەکان تووشی سەرسوڕمان بکات. کەڵەکەبوونی نایەکسانی و نکۆڵیکردن لە ناسنامە و ئایینزا و ڕەگەز، لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیە، لەگەڵ ڕووداوی کوشتنی حکومەتی کچەکەمان "ژینا"، بووە هۆی تەشەنەکردنەوەی ئەم برینە کۆنە و تەقینەوەی دەنگی کپکراوی خەڵکێک کە ساڵانێکی دوور و درێژە بە ناوی حکوومەتی ئیسلامییەوە نکۆڵی لێکراوە. خەڵک لە هەموو چین و توێژەکان، بۆ وێنە قوتابیان، خوێندکاران، ژنان، مامۆستایانی ئایینی، مامۆستایانی قوتابخانە، هونەرمەندان، پزیشکان، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەوانان، بازاڕیان، پیشەسازان، ئەندازیاران، پەرستاران، وەستاکاران، کرێکاران، وەرزشوانان، فەرمانبەران و خانەنشینان، بە دڵێکی خەماوی لە خەمی ئازیزی کۆچکردوویان کە ڕووخساری بێتاوانی ئاوێنەیەکی باڵانوێنی خەڵکی وڵاتەکەیەتی، بە دەستی بەتاڵ و بیرێکی ئینسانییەوە، لە شوێنێک بە ناوی گۆڕستانی ئایچی، کە دوا وێستگە و شوێنی ماڵئاوایی کۆچکردوانمان لەگەڵ ئەم دونیایە، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، دەدەن و بانگەشەی حکومەت و هەموو خەڵکی جیهان بۆ ڕێزگرتن لە ژن و ژیان و ئازادی دەکەن. ئەوان ئەوندە شایەنی ڕێزگرتنن کە گەورەترین خەڵاتەکان ناتوانن لەبەردەم گەورەیی ئەواندا، تنۆکێک لە زەریا بن. بەڵام لە وڵامی ئەم گەورەیی و بەڕێزییەی خەڵکدا، حکومەت هەموو هێڵە سوورە نەبووەکانی لابرد و بە توندوتیژییەکی ویژدان­بێز، دەستی بە کوشتن و بریندارکردن و لێدان و ڕفاندن و زیندانیکردن و ئەشکەنجەی نامرۆڤانەی منداڵان و کچان و گەنجان و ژنان و پیاوان و لە سێدارەدانی وەلی نێعمەتانی خۆی کرد. لە ڕاستیدا ئەوەی ئەوان کردوویانە و دەیکەن، لە داردانی کەڕامەت و ئەخلاق و ئایین و مرۆڤایەتییە بە عالەمی ئاشکرا، کە مرۆڤایەتی هەرگیز ئەو تاوانانە لەبیر ناکات. سەپاندنی ئەم هەلومەرجە، وای لێکردین تا بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی نەتەوە و داواکارییە ڕەواکانیان، کۆببینەوە و لە دژی حکوومەت هاوار بکەین کە:

١- ئێمە خەڵکی چەوساوە و بێبەش، یەکەمین ناڕەزایەتی و ڕەخنەی خۆمان لە دۆخی سەخت و تاقەتپڕوکێنی بژیوی ژیان، قەیرانی ئابووری، هەڵایسانی بێ سنوور، بێ­بایەخبوونی دراوی نەتەوەیی، دابەزینی زیاد لە ڕادەی هێزی کڕین، گەیشتنی بە لەسەدا نەوەدی خەڵک بۆ ژێر هێڵی هەژاری و نەیامەتی و  بەڵای ڕوو لە زیادبوونی سەرچاوەگرتوو لە بەڕێوەبەرایەتی خراوی ئابووری، ڕایدەگەیەنین و دەڵێین کە: ئێمە، خەڵکی کوردستان بە تایبەتی و خەڵکی ئێران بە گشتی، بە پێی تیۆری هەرەمی پێداویستییەکانی مازلۆ، دەروونناسێکی مرۆڤخواز، هێشتا لە بنکی هەرەمەکەدا ماوینەتەوە و نەمانتوانیوە پێداویستییە سەرەتایی و یەکەمینەکانی خۆمان کە هەر ئەو پێداویستییە فیزیۆلۆژی، مادی و ئاژەڵییەیە، بەدەستی بێنین و  بۆ خۆمان و ئەندامانی تری بنەماڵە دابینی بکەین. هەموو ڕۆژێک ئێمە و منداڵەکانمان بە هیوای ڕۆژێکی باشتر بەسەر دەبەین و جگە لە خەم و داخی دڵ و حسرەتی ژیانێکی ئایدیاڵ، شتێکی دیکەمان بۆ خواردن نییە، کە بێگومان ئەم گرێ­پوچکە دەروونییانە و حەسرەتی ژیانی خوازراو، لەسەر بنەمای تیۆری دەروونشیکاریی لاکان سەبارەت بە سووژە، ئێمە بۆ بەدەستهێنانی ئاوات و داخوازییەکانمان هان دەدات و ڕۆژێکی نەزۆر دوور، ئەم ڕق و توڕەیی و داواخوازییە بەسەر ئێوەی هۆکاری ئەم دۆخەدا دەڕووخێت، کە ئەوکات ئیتر زەمەن تێپەڕیوە و بە هیچ جۆرێک قەرەبوو ناکرێتەوە.

٢- ئێمە وێڕای شەرمەزارکردن و ڕاگەیاندنی بێزاری لەم ئیسلامە ساختەیە کە بۆتە تاکە پاساو بۆ گەندەڵی بەرپرسانی حکومەت و خوێنڕشتنی جەماوەر، لەبەر مانەوەی کەمینەی دەسەڵاتدار، بۆ بەرگریکردن لە ئیسلامی ڕاستەقینە ڕادەگەیەنین: لە لای خودای گەورە، بێ­حیجابی، وەکوو کێشەیەکی سەرخانی، هەرگیز لە بنەبڕکردنی مەسەلە بنەڕەتی و ژێرخانییە ئایینییەکان، وەک کولتوورسازی هاوبەش­دانان، هاوەڵ­دانان، پەرەپێدانی خوڕافات، بەدامەزراوەییکردنی ڕیبا، ئاساییکردنەوەی دزی و گەندەڵی سەرسووڕهێنەر، تاڵانکردنی سەرمایەی نەتەوەیی و بە سرشتی­کردنی درۆ و دووڕوویی، بە شێوەیەکی ئامانجدار و پیشەیی لە کۆمەڵگادا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانییان، گرینگتر نەبووە.

چۆنە بەهۆی دەرکەوتنی چەند تاڵ موو، پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاقی بە پاڵپشتی دامەزراوە جۆراوجۆرەکان دروست دەبێت، بەڵام لە حاڵەتەکانی تردا کە نەتەوەیەک لە گەڵ چەندین بەرە، بەرەو هەڵدێر دەبەن، مێشێک میوانیان نییە و بە هەستۆکییەوە لە بەرامبەریا ناوەستن و بۆ لێکۆڵینەوە لێی، ڕێکخراویەکی ڕاستی­دۆز پێکناهێنن و تاوانبارانی ئەو جۆرە تاوانانە بە سزای تاوانی چەپەڵیان ناگەیێنن. بێگومان لەبری دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەم جۆرە گرفت و گەندەڵییانە، ئەو کێشانە دەدەنە پاڵ دوژمنی خەیاڵی و ساختەیی  و خۆیان بە پاک و بێگەرد لە قەڵەم دەدەن، کە ئاوا هەڵسوکەوتێک، بەستێنێکی شیاو و لەبار بۆ گەندەڵی و وێرانی لە هەموو ئاستەکانی حکوومەتدا دەڕەخسێنێت.  جێگای سەرنجە، لە وڵامی هەموو ئەو ئابڕووچوونانەی کە بەسەر تاقمی دەسەڵاتداراندا دێت، بە دەستەواژەی بەناوبانگی "این قدر کشش ندهید"، مۆڵەتێکی سادە و لە هەمان کاتدا مەترسیدار بۆ تاڵانکردن و لەناوبردنی زیاتری سەرچاوە ماددییەکانی ئەم وڵاتە دەردەکەن.

٣- وێڕای پاڵپشتی پتەو لە بەیاننامەی مامۆستایانی سنە، دێگولان، کامیاران و گوندەکانی سەر بەوشارانە  لە ناڕەزایەتی دەربڕین بە لە سێدارەدانی ڕەمەکی لاوانی ناڕازی و جەخت کردنەوە لەسەر نەگونجاوی تۆمەتی (موحارەبە) لە دژی ئەو کەسانەی کە حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپێنراوە، نەک تەنیا جێبەجێکردنی دڕندانەی ئەم سزایانە سەبارەت بە لەسێدارەدراون بە توندی ئیدانە دەکەین، بەڵکوو وەپاڵدانی تۆمەتی درۆیین و بێ بنەما بە زیندانییەکان بە دژی ئایین و مرۆڤایەتی دەزانین، و ڕایدەگەیەنین: لە حاڵەتی دووپات­بوونەوەی ئەم بابەتە پەست و دزێوانە و دەسدرێژی بۆ سەر گیانی خۆپیشاندەرانی دیکە، بەرپرسانی حکومەت ئاگادار دەکەینەوە، کە: " گوێنەدان و وڵام­نەدانەوەی ئەرێنی بە ئامۆژگاری و داواکارییەکانی پیتۆڵان و هەموو جەماوەری خەڵک، بێ گومان تێچووی سیاسی و مەعنەوی قورسی لێدەکەوێتەوە". کەواتە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانەی کە بەرامبەر بە ئێمە کردویانە، ڕادەستی میللەت و دادپەروەری بکەن بۆ ئەوەی مافە زەوت­کراوەکان جارێکی دی بگەڕێنەوە.

٤- بەرپرسیارێتی سڕینەوەی بە ئەنقەست و دزێوی خۆپیشاندەران و خەڵکی بێتاوانی پشتیوانی ستەملێکراوان و چالاکانی مەدەنی، بە پاساوی شەرمەزارکەر و ناشیرین و ناونانی فریودەر بۆ شێواندن و چەواشەکردنی عەقڵی گشتی لە ژێر نێونیشانی: تێکچوونی مێشک، کەوتنە خوارەوە لە بەرزایی، خۆکوشتن، وەستانی دڵ، ڕووداوی هاتوچوو، نەخۆشییە بنەڕەتییەکان، کێشە دەروونییەکان و بە گشتی ڕشتنی خوێنی هەر یەک لە شەهیدەکانمان لە ئەستۆی هێزە ئەمنییە چەکدارەکان و سەرکردەکانیاندایە؛ کەوابوو، واز لە دەراوێژی بهێنن و دان بە واقعییەتدا بنێن و پێمل ببن.

٥- داواکارین، دەستبەجێ سەرجەم زیندانیان هەر لە منداڵ و ژن و قوتابی و خوێندکار و گەنج و دایک و باوک و مامۆستای ئایینی و مامۆستای قوتابخانە تا زیندانیانی دیکە بەبێ هیچ پێش­مەرجێک، ئازاد بکرێن.

٦- ویست و ئیرادەی میللەت، بە تایبەت نەوەی نوێ بە فەرمی بناسن و بیپەزێرن کە بەرەی ئێستا و داهاتوو ناتوانن ئیتر لەم جەغزە بەرتەسک و سنوورمەندەدا بژین و لە ئازادی و دادپەروەری وەک دوو فاکتۆری سەرەکی و پێکهێنەری بنەڕەتی بوون و کەڕامەتی مرۆڤ چاو بقونجێنن و لە بەرامبەر زوڵم و سەرەڕۆییدا بێدەنگ دابنیشن. ئەو بۆشاییەی کە ئەمڕۆ لە نێوان بەرەی ڕابردوو و منداڵەکانماندا دروست بووە، دەرەنجامی کردەوە هەڵەکانی سیستەمی فەرمی وڵاتە لە بەستێنی فێرکاری و پەروەردە و میدیای کۆیی ئێوە و دەسەڵاتی فەرمی مەعریفی وڵات و ئەو هەڵاوردنە هەمەجۆرەی کە هەموو بوارەکانی ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی کوردستان بە تایبەتی و ئێرانی بە گشتی داگرتووە. بەرەی نوێ ئیتر ناتوانێت لە گەڵ گەندەڵی و دووڕوویی بەرهەمهێنراو لەم پڕۆسە کاربۆکراوەدا سازیاری ببێت و لە گەڵیدا هەڵبکات.

٧-  واز لە دروستکردنی کەشی تەنگەژە و تۆقاندن و هەڕەشە و شوێنهەڵگرتنی هاووڵاتیانمان بێنن. میلیتاریزم، نائەمنیکردنی فەزا و مانۆڕی سەربازی لە شەقامەکاندا نموونەی چنگ و کەڵبە نیشان­دانی حکوومەتی سەرەڕۆ و بێ یاساییە. ئەم ڕەفتارانە، نە تەنیا یارمەتی هێورکردنەوەی دۆخەکە و دروستکردنی هێمنایەتی بەتایبەت لە کوردستان و لە وڵاتدا بە گشتی نادات، بەڵکوو دەسەوسانی و داماوی دەسەڵاتداران لە دروستکردنی ئاسایشی نەتەوەیی نیشان دەدات. کەوابوو، پێویستە کەشی تۆقاندن و هەڕەشە و تەنگەژە لە شار و گوندەکان لاببرێت. بازگە و پشکنینگە ترسناکەکانی هاتوچووی شارە کوردنشینەکان لاببەن، چونکە کردەوەی پاش­ژینایی دەوڵەتمەداران، حکومەتی نازی ئەڵمانیا و فاشیستەکانی ئیتالیا وەبیردێنێتەوە.

٨- لە هەموو نەتەوەی ئێران، بە تایبەت بنەماڵەی دەستبەسەرکراوان و زانیاریدەران و هەموو هاونیشتمانیان داواکارین کە: دەستبەجێ، هەواڵی دەستبەسەرکردنی ئەندامانی بنەماڵە و خزمان و دۆستەکانتان، بۆ پشتیوانی گشتی و هەوڵ بۆ ڕزگارکردنی ئەو کەسانەی ڕووبەڕووی لەسێدارەدان دەبنەوە، میدیایی بکەن. هەرگیز فریوی ئەم فێڵە شەیتانییە " علنی و رسانەای نکید و گرنە بە ضرر بازداشت شدگان تمام می شود" مەخۆن. ئەم کارە بۆ هەڵخڵەتاندنی کەسوکاری قوربانییەکان و ڕێگریکردن لە ڕیسوایی خۆیان لەسەر ئاستی وڵات و نێودەوڵەتی، داڕێژراوە.

سەردەمی بێدەنگی و دەم­بەستنی گەلان لە بەرامبەر پێشێلکردنی مافەکانیان کۆتایی هاتووە. ئێمە دەنگمان هەڵبڕیوە بۆ ئەوەی بە حکومەت و هەموو جیهان ڕابگەیەنین کە ئەو ستەم و نایەکسانییەی بەسەرماندا سەپێنراوە، ناڕەوایە. ئێمە خوازیاری گەڕانەوەی مافە لەدەستچووەکانی خۆمانین. وڵامی مافخوازی ئێمە و منداڵەکانم تیر و تفەنگ نییە. بە خۆتانا بێنەوە و لە خزمەتی حەقیقەتدا چۆک دابەن. دەربڕینی ناڕەزایەتی و ڕەخنە مافی هەر نەتەوەیەکە. ئێمە بە ئازادی لە دایک بوین و خوازیاری ژیانێکی ئازاد و شەرافەتمەندانەین. ئامانجی ئێمە ژین و ژیانە. ژیانێک کە ساڵانێکی دوور و درێژە لێمان زەوت کراوە. ئێمە هاواری بوون و ڕاستێتی بوونی خۆمان، لە ژینگە و وڵاتێک کە پەیوەندی بە خۆمانەوەیە، کردووە. ناڕەزایەتی ئێمە بۆ سەلماندنی بوونی خۆمانە لە هۆگری بە بەردەوامی ژیان. ئێمە بە خۆی خۆمان درێژە بە ڕێگەی ژیان دەدەین، تەنانەت ئەگەر پێویست بێت بۆ بەردەوامی ئەم ئارمانە بۆ هاوڕێکانمان، دەست لە ژیانی کەسی خۆمان هەڵبگرین. ئێمە بۆ ژیان دەمرین، نەوەک بۆ مردن بژین.

ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی شاری سەقز