سەقز؛ کوژرانی سەید زانیار حوسێنی کاسبکاری کورد بە تەقەی ئامانجداری هێزە نیزامییەکان لە سەر و ملی

18:12 - 24 بانەمەڕ 2726

٢٢ی بانەمەڕی ١٤٠٥؛ لاوێکی کاسبکاری خەڵکی سەقز بە ناوی "سەید زانیار حوسێنی" لە ناوچەی "ڕۆبات کەریم"ی تاران کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆ و ئامانجداری هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی و بە بێ هۆشداریدانی پێشوو تەقەی لێ کرا و دەسبەجێ گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ دوانیوەڕۆی دووشەممە ٢١ی بانەمەڕی ١٤٠٥، "سەید زانیار حوسێنی" لاوی خەڵكی گوندی "بەردەڕەشە" سەر بە ناوچەی "تیلەکۆ"ی سەقز، لەکاتێکدا کە بە ماشینی خۆی لە ناوچەی "ڕۆبات کەریم"ی تاران خەریکی هاتوچۆ بووە و "خواردنەوە"ی پێ بووە، بە بێ هۆشداریدانی پێشوو بە تەقەی دوو فیشەکی جەنگیی هێزە نیزامییەکان لەسەر و ملی کراوەتە ئامانج و دەسبەجێ گیانی لەدەست داوە.

بەپێی یاسای بەکارهێنانی چەک لەلایەن هێزە چەکدارەکان لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، هێزە نیزامی و ئینتیزامییەان ئەرکدارن کە پێش لە بەکارهێنانی ڕاستەوخۆی چەک، سەرەتا فەرمانی وەستان و هۆشداری بدەن و لە قۆناغەکانی دواتردا تەقەی ئاسمانی بکەن و تەنیا لە دۆخی زۆر پێویست و ئاوارتەدا ئیزنی تەقەی ڕاستەوخۆیان هەیە. هەروەها لەم یاسایەدا جەخت کراوەتەوە کە تەنانەت ئەگەر پێویست بە تەقەکردن بوو، هێزەکان دەبێ تا جێگایەک کە دەکرێ لە تەقەکردن لە شوێنە هەستیارەکانی جەستە خۆ ببوێرن و بەشی خوارەوەی جەستە بکەنە ئامانج. بەم حاڵەوە بەپێی گێڕانەوەکانی سەرچاوە ئاگادارەکان، لەم حاڵەتەدا بە بێ هۆشداریدانی پێشوەختە و بە تەقەی ڕاستەوخۆ لە سەر و مل، کەڵک لە چەکی جەنگی وەرگیراوە.

لە ڕوانگەی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتییەوە بەکارهێنانی چەک بە مەبەستی کوشتن دژی هاووڵاتییان دەبێ ئاخرین ڕێگەچارە ئەویش لەکاتێکدا بێت کە دۆخەکە هەڕەشەئامێز بێت و ئەگەری کەوتنە مەترسیی گیانی هاووڵاتییانی تێدا بێت. تەقەی ڕاستەوخۆ لە سەر و ملی هاووڵاتییان، بە بێ هۆشداریدانی پێشوو و بە بێ هەبوونی هەڕەشەی گیانی، دەتوانێ نیشانەی بەکارهێنانی نایاسایی و نابەجێ لە هێزی زۆر ئەژمار بکرێ.

تەرمی ئەم لاوە سێشەممە ٢٣ی بانەمەڕی ١٤٠٥ کاتژمێر ٩ی شەو لە گۆڕستانی ئایچیی سەقز بە خاک سپێردرا. تاکوو ئێستا سەبارەت بەم تەقە ئامانجدارەی هێزە نیزامییەکان و هەروەها ئاکامی بەدواداچوونەکانی پزیشکی دادوەری لەبارەی کوشتنی ناوبراو، هیچ زانیارییەک بڵاو نەکراوەتەوە.

"سەید زانیار حوسێنی" کوڕی سەید عەتا و چیمەنە.

وێنە؛ ئاگاداریی کۆچی دوایی "سەید زانیار حوسێنی"