مەهاباد؛ زیاتر لە ٢٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ناڕوونیی چارەنووسی سیاوەش عەزیزی ئەقدەم

17:49 - 24 بانەمەڕ 2726

۲۳ ی بانەمەڕی ۱۴۰۵؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "سیاوەش عەزیزی ئەقدەم" هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەهاباد، هێشتا زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە. ئەم هاووڵاتییە لەو ماوەیەدا لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و تەنانەت پێوەندیی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "سیاوەش عەزیزی ئەقدەم" لە سەرەتاکانی بانەمەڕی ١٤٠٥ـەوە بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوام و ڕۆژانەی بنەماڵەکەی لە ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکان، بەرپرسانی پێوەندیدار هیچ زانیارییەکیان سەبارەت بە تەندروستیی جەستەیی و پارێزرابوونی گیانیی ناوبراو نەداوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: بێبەریبوون لە مافە سەرەتاییەکان و بێئاگابوونی ڕەها لە دۆخی ئەم هاووڵاتییە، شەپۆلێک لە نیگەرانیی جیددیی لەنێو نزیکانیدا سەبارەت بە باری تەندروستیی ناوبراو دروست کردووە.
هەتا کاتی ئامادەکردن و بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆەمەت وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و ناوەندە ئەمنییەتییەکان لەمبارەوە بێدەنگییان هەڵبژاردووە. بەم حاڵەوە کەسانی نزیکی سیاوەش جەختیان کردووەتەوە کە دەسبەسەرکرانی ناوبراو تەنیا لە ڕاستای شەپۆلی بەربڵاوی دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەکانی هاووڵاتییان بووە و ئەگەری هەبوونی هەر چەشنە تۆمەتێک دژی ناوبراویان ڕەت کردووەتەوە.