بەیاننامەی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی کرێکاران

15:08 - 10 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ١ی مانگی مەی ڕۆژی جیهانی کرێکاران، بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە.

لە بەشێکی بەیاننامەی ناوەندی هاوکاری حیزبەکاندا، هاتووە:لە کوردستان و ئێران کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش لە کاتێکدا بەرەوپیری ئەو رۆژە دەچن کە هەڵئاوسانی ئابووری و بێکاری و گرانی و نەبوونی ئەمنییەتی کارکردن و نەبوونی ئەمنییەتی گیانی، مافیای دزی و تاڵان و قۆرغکاریی دەستە و تاقمەکانی نێو دەسەڵاتی گرتووەتەوە.

دەقی ئەم بەیاننامەیە بەم چەشنەیە:

شکۆدار بێت ١ی مەی رۆژی هاوپشتی جیهانیی کرێکاران
کرێکاران و زەحمەتکێشان! خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!


هەروەک ئاگادارن بەرەو پیری ١١ی گوڵان واتە یەکی مانگی مەی رۆژی جیهانی کرێکار دەچین. لەم رۆژەدا سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی هەموو ئەو کەسانەی لە پێناو ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریدا گیانی ئازیزیان بەخت کردوە. دەستی ماندووی یەک بە یەکی هەموو رەنجدەرانی بیر و بازوو دەگوشین و رێز دەگرین لە خۆڕاگری و فیداکاریی چالاکان و هەڵوسوڕاوانی بەندکراو و، سەری رێز و نەوازش دادەنوێنین لە ئاست خۆڕاگری بنەماڵەی سەربەرزیان.

ئەگەر بە خێرایی چاوێک بە رووداوەکانی ساڵی رابردوودا بخشێنین، لە ئاستی جیهانیدا سەرەڕای گەشەی خەبات و داخوازیی دادپەروەرانە و سەرهەڵدانی بەرینی ناڕەزایەتی جەماوەری و کرێکاری بە دژی سیستم و نیزامی ناعادڵانەی سەرمایەداری، هەرچەند ئێمە شاهیدی شکست و دەستەوەستانی نێئۆلیبرالیزم لە چارەسەری قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی دابووین، بەڵام بەداخەوە سەرەڕای هەموو ئەمانە، کەلەبەرە چینایەتیەکان قوڵتر بوونەوە و نیزامی سەرکوت و داپڵۆسین و بە تاڵان بردنی سەروەت و سامانی کۆمەڵگای بەشەری باڵادەستی خۆی نواندوە و، تا ئێستاش دروشمی \"نان، کار، ئازادی\" ئاوێنەی باڵا نوێنی خواست و داخوازی زۆرینەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتییە.

لە کوردستان و ئێران کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش لە کاتێکدا بەرەوپیری ئەو رۆژە دەچن کە هەڵئاوسانی ئابووری و بێکاری و گرانی و نەبوونی ئەمنییەتی کارکردن و نەبوونی ئەمنییەتی گیانی، مافیای دزی و تاڵان و قۆرغکاریی دەستە و تاقمەکانی نێو دەسەڵات، سەرەڕای یاسا دژەکرێکارییەکانی دەوڵەت بوونەتە نۆرمێکی باو و، وەک مۆتەکە لە سەر ژیانی زۆربەی خەڵکی کوردستان و بە تایبەت چینی کرێکار و زەحمەتکێش قورسایی دەکەن. کۆماری ئیسلامی بە پاڵپشتی راستەوخۆی دامودەزگا ئەمنییەتییەکانی خۆی وێڕای بە سیاسیکردن و ئەمنییەتیکردنی پرسی پیشەیی کرێکاران و، گرتن و راوەدوونانی رابەران و هەڵسوڕاوانی کرێکاری، ئەو بەستێنەی بۆ خاوەنکاران و نوێنەرانی دەسەڵات رەخساندووە هەتا رێکخستن و سەندیکا کرێکارییەکان بخەنە پەراوێزەوە.

سەرەڕای نەبوونی ئەمنییەت و زەمانەتی ئابووری و کۆمەڵایەتی و شوغڵی، وەک بیمەی بێکاری و دابینکردنی مافی کۆمەڵایەتی و ئەمنییەتی شوێنی کارو گەلێک کێشە و گرفتیتر کە کرێکارانی کوردستان لەگەڵی رووبەروون، رێژەیەکی بەرچاو لە کرێکارانی کوردستان بە پێی یاسای کاری کۆماری ئیسلامی وەک کرێکار پێناسە ناکرێن و بەو پێیەش هیچ کام لە بڕگەکانی تەنانەت ئەو یاسا سەقەتە کرێکارییەی رژیمیش نایانگرێتەوە و هەر ئەوەش بواری ستەم و چەوسانەوەی زیاتریان دەڕەخسێنێ.

ئەمە لە کاتێکدایە کە جوڵانەوەی میللی دیموکراتیکی گەلی کورد و خەباتی مافخوازی کورد پشتیوانی بزوتنەوەی کرێکاری بووە و بەردەوام بەرگری لە مافی رەوای کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی کردوە.

هیچ گومان لەوەدانیە کە کۆماری ئیسلامی یەکێک لە دژەکرێکارترین حکومەتەکانی ناوچە و جیهانە کە لە رێگای سازکردن و داڵدەدان و پشتیوانیکردنی تاقم و گروپە مافیاییە ترسناکە ئابوورییەکان، دەستی خستۆتە سەر شادەماری ژیانی کۆمەڵانی هەژار و زەحمەتکێش و زۆرینەی دانیشتوانی وڵاتی تووشی رۆژڕەشی و نەهامەتی کردووەو، ئاماری ترسناکی ٧ ملیۆن منداڵی کار و سەرشەقام دەرخەری ئەو راستیەن. لە کوردستانیش بەهۆی هەڵاواردن و پەراوێزخستنی لەبواری ئابوریی، شەپۆلێکی بەرینی بێکاریی بەرۆکی بە خەڵک گرتوە. بۆ نمونە لە ساڵی رابردوودا پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەپلەی یەکەم و پارێزگای سنە بە پلەی سێهەم زۆرترین رێژەی بێکارییان لە ئێراندا هەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا ساڵانە دەیان کۆڵبەری کورد کە بەهۆی بێکارییەوە پەنا بۆ ئەم کارە تاقەتپڕوکێنە دەبەن دەکەونە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ترۆریستیەکانی کۆماری ئیسلامی، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە پێویستە بڵێین کە یەکی مانگی مەی لە بۆنەیەکی چینایەتییەوە بۆتە وەرچەرخان و مینبەرێکی جیهانی بۆدەربرینی هاوپشتی وهاوخەباتی دژ بە نادادی وبۆهێنانەدی ئاشتی و تەبایی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی.

پیرۆز بێت یەکی مەی، رۆژی جیهانیی کرێکار
بژی ئازادی و دادپەروەری
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٢٠١٩/٤/٢٨