بەیاننامەی سکرتاریای ڕێکخراوی دادکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان لەمەڕ هێرش بۆ سەر هەرێمی کوردستان
لە بەیاننامەی ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییەدا، هاتووە:
ڕێکخراوەکانی مافی مروڤ و ویژدانیی جیهانی لە بەرانبەر کوشتنی منداڵان لەلایەن ئەرتشی تورکیە، بێ دەنگ مەبن.
ئەرتشی تورکیە کە بەشێک لە باکووری هەرێمی کوردستانی داگیر و خستووەتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، ڕۆژی چوارشەممە ۲۹ی پووشپەڕ بەرانبەر بە ۲۰ی مانگی جولای، بە بوردوومان و گولـلەبارانکردنی ناوەندێکی گەشتیاری لە شاری زاخۆ، کوژرانی ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی لێکەوتەوە و دەیان ژن و منداڵ و گەشتیار و هاووڵاتیی مەدەنیی لە خاک و خوێن گەوزاند. دەوترێت لەو هێرشەدا، بەداخەوە هەتا ئێستا دەیان کەس بە تایبەت چەندین منداڵ گیانیان لەدەست داوە و دەیان کەسی دیگە کەمئەندام و بریندار بوون.
ئەردوغان سەرکۆماری تورکیە کە خۆی لە پڕچەککردن و تەیارکردنی گرووپە تێرۆریستی و توندڕەوەکانی وەک داعش و ئەلنوسرە دەستی هەبووە، لەو ساڵانەدا بە بیانووی بەربەرەکانێ لەگەڵ گرووپە کوردییەکانی دژبەر کە ئەوان بە تێرۆریست ناوی دەبن و بە پشتیوانیی چەکوچۆڵی ڕێکخراوی نیزامیی ناتۆ و هێندێک لە دەوڵەتانی ئورووپایی و ئامریکایی و ناوچەیی، تووشی کارەساتبارترن هەوڵەکانی دژە مرۆیی لە دژی خەڵکی کورد لە باکووری سووریە و لە باکووری هەرێمی کوردستان و عێراق بووە.
سکرتاریای ڕێکخراوی داکۆکیی لە مافی مرۆڤی کوردستان دۆسیەی جینایی ئەردوغان کە بریتییە لە جینایەتی شەڕ و جینایەتی دژی مرۆیی، بە شیاوی دسکاڵایەک لە دیوانی کەیفەری نێونەتەوەیی دەزانێ، بەڵام لەوەیکە کە زۆربەی ڕێکخراوە جیهانی و دەوڵەتەکان شوێنداری، لەسەر بەرژەوەندیی ماڵی ئابوورییان لە سەرەوەی جێبەجێکردنی دادپەروەری داناوە، گەڵاڵەی وەها سکاڵایە لە دادگا جیهانییە ئاسان نییە.
لەو ڕووەوە، ڕێکخراوی دادکۆکی لە مافی مرۆڤ داوا لە تەواوی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆیی و ویژدانە نەنووستووەکانی جیهان دەکات، لانیکەم لە بەرانبەر هەوڵەکان و ئۆپراسیۆنی نیزامیی ئەرتشی تورکیە (شەریکی گەورەی ناتۆ)، لە ناوچە لە بەرانبەر هێرش بۆ سەر باکووری سووریە و باکووری هەرێمی کوردستان بێدەنگ نەبن و دەنگی خەڵکی ئازارچێشتووی کورد و دەنگی ئەو بنەماڵانە بن کە منداڵەکانیان، ڕۆژانە دەبنە قوربانیی دەستدرێژی وهێرشی ئەرتشی تورکیە لەژێر فەرمانی ئەردوغان، و ئەو دەنگە بە گوێی هەموو خەڵکی جیهان بگەیەنن.
ڕێکەوتی ٢٩ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠١ بەرانبەر بە ٢٠ی جولای ساڵی ٢٠٢٢
سکرتاریای ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان