بەیاننامەی ١١رێکخراوی مەدەنیی کوردستانی ئێران بۆ پشتیوانی لە بانگەوازی ٢٧ی خەزەڵوەر

14:28 - 22 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی کوردپا: پاش بڵاوبوونەوەی بانگەوازی کۆمەڵێک چالاکی سیاسی و مەدەنیی کورد بۆ پشتیوانی لە ٢٧ زیندانی سیاسی کوردی مەحکووم بە ئێعدام، ١١ رێکخراوی مەدەنیی کوردستانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا پشتیوانیی خۆیان لەو بانگەوازە دەربڕی.

نوسخەیەک لەو بەیاننامەیە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا گەیشتووە کە وەک خۆی بڵاوی دەکەینەوە:
بەیاننامەی ١١رێكخراوی مەدەنیی خۆرهەڵاتی كوردستان بۆ پشتیوانی لە ٢٧ بەندكراوی سیاسی كوردی مەحكووم بە ئیعدام لە زیندانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران
خەڵكی تێكۆشەر و ئازادیخوازی كورد لە خۆرهەڵاتی كوردستان!

هەروەك ئاگادارین و هەموو كۆمەڵگای جیهانیش دەزانێت، كۆمەڵیك لە رۆڵە درەوەست و تێكۆشەرەکانی زێدەكەمان، تەنیا بەهۆی بەرزكردنەوی دەنگی ئازادیخوازی و مافی دیاریكردنی چارەی خۆنووسینی گەلەكەیان، هەنووكە لە سیاچاڵە تاریكەكانی رێژیمی تۆتالیتێری ئیسلامیی ئێران دان و حوكمی ناڕەوای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە.

خەڵكی كورد لە خۆرهەڵاتی كوردستان بە سەدان ساڵە كەلە بەرامبەر ئەشكەنجە و ئەستەمیی داگیركەران و نەیارانی ئەم خاكە، بۆ گەیشتن بە مافە رەواكانی خۆیان كۆڵیان نەداوە و لە هەر قۆناغێكی مێژوویی و لە بەرامبەر هەرچەشنە گوشارێكی دەسەڵاتە سەرەڕۆ و سەركوتکەرەكانی زاڵەوە بە چۆكدا نەهاتووە و كوردستان قەڵای لە گیران نەهاتوو و گەلی كوردی هێمای خۆڕاگری و بەرخودان لە نێوان گشت نەتەوەكاندا بووە.

لە درێژەی جیانەیەتەكانی رێژیمی تاران و بە مەبەستی تۆقاندن و چاوترسێن كردنی خەڵكی وەزاڵەهاتوو، رێژیم دیسانەوە دەیهەوێت ٢٧ رۆڵەی قارەمانی گەلەكەمان لە سێدارە بدات. هەر لەم پێوەندییەدا كۆمەڵێك لە چالاكانی مەدەنی و سیاسیی خۆرهەڵاتی كوردستان بۆ پشتیوانی لە چالاكانی بەندكراوی سیاسیی كورد و بەتایبەت پشتیوانی لەم ٢٧ زیندانیە سیاسییە كە حوكمی ئیعدامیان بەسەردا سەپاوە، رۆژی ٢٧ی خەزەڵوەریان وەكوو رۆژی بەرخودان لە خۆرهەڵاتی كوردستان دەست نیشان كردووە.

شیاوە لە رێگای ئەم بەیاننامەوە ئێمەش وەكوو رێكخراوە مەدەنییەكانی خۆرهەڵاتی كوردستان ئەرك و بەرپرسایەتیی خۆمان بەجێ بگەیەنین و پشتیوانیی خۆمان لەم هەوڵە ئینسانییە و حەقخوازانە دەرببڕین.

هەر بۆیەش داوا لە خەڵكی تێكۆشەر و ئازادیخوازی كورد لە خۆرهەڵاتی كوردستان و بەتایبەت خوێندكاران و ژنان و لاوانی نیشتمانەكەمان دەكەین كە بە دەم ئەم بانگەوازەوە بێن و خاوەنداریەتی لە رۆڵەكانی نیشتمان بكەن.

سەركەوێ خەباتی رەوای نەتەوەی كورد
بژی كورد، بژی كوردستان
١- یەكیەتیی خوێندكارانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران
٢ـ كۆمەڵەی خوێندەوارانی رۆژهەڵات
٣ـ رێكخراوی خوێندكارانی پێشڕەوی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
٤ـ یەكیەتیی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێران
٥ـ ناوەندی لاوانی پێشڕەو
٦ـ كۆمەڵەی لاوانی رۆژهەڵات
٧ـ لاوانی یەكیەتی دێمۆكراتی كوردستان
٨ـ لاوانی یەكیەتیی شۆڕشگێرانی كوردستان
٩ـ یەكیەتیی ژنانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران
١٠ـ كۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات
١١ـ رێكخراوی ئاسۆی ژنی كورد

٢٢/٨/٢٧١٢ كوردی بەرانبەر لە گەڵ ١٢/١١/٢٠١٢ زایینی