بەیاننامە/ پێش بە ئاوگیریی بەنداوی داریان بگرن

16:51 - 19 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی كوردپا: دوابەدوای تێكدان و رووخاندنی بەشێك لە كانیاوی بڵ لە هەورامانات، ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەماوەی حەفتەی رابردوودا یەكێك لەئاسەوارە نەتەوەیی و سروشتییەکانی كوردستان، لەلایەن خاوەنكاری پڕۆژەی بەنداوی داریانەوە بەشێك لە پێكهاتەی كانیاوی بڵ رووخێندراوە.

لەو بەیاننامەیەدا ئاماژە بە كانیاوی بڵ و بوونی چوار هەزار لیتر ئاو لە یەك چركەدا كراوە و هەروەها روو بە لایەنگرانی ژینگە، ناوەندە مەدەنی و ژینگەپارێزەكان بانگەوازێك بۆ رزگار كردنی ئەو كانیاوە بڵاو كراوەتەوە و داواكراوە كە هاووڵاتییان بۆ ئەو مەبەستە یەكگرتوو بن.

\"20979.jpg\"
كانیاوی بڵ لە ١٥ كیلۆمیتری شاری نۆدشە و لە سێ‌كیلۆمیتریی ئاوایی مێژوویی ـ مەزهەبی \"هەجیج\" لە ئوستانی كرماشان هەڵكەوتووە و بە دروستكردنی بەنداوی داریان و تەواكردنی ئەو پڕۆژەیە، كانیاوەكە دەچێتە ژێر ئاو.

لەبەشێكی دیكەی بەیاننامەی ئەو ئەنجومەنەدا ئاماژە بەوە كراوە كە كانیاوی بڵ ئاوی خواردنەوەی نزیک بە دوو میلیۆن كەس دابین دەكات و بۆ خەڵكی ناوچەكە گرینگییەكی تایبەتی هەیە، هەر بۆیە پێویستە هاووڵاتیان لەهەمبەر فەوتانی ئەو كانیاوە پڕ بایەخەدا بێدەنگ نەبن.

ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان راشیگەیاندووە، ئێمە بە بەردەوامی لەمەڕ مەترسییەكانی سەر ئەو كانیاوە هۆشداریمان داوە و سەرەڕای نووسینی نامە بۆ شوێنە پێوەندیدارەكان، هیچ وڵامێكمان وەرنەگرتۆتەوە.

لە بەیاننامەكەی ئەنجومەنی سەوزی مەریواندا هاتووە، باشتر وایە لەئێستاوە پێش بە فەوتانی یەكجارەكی ئەو كانیاوە بگرین و نەهێڵین لەوە زیاتر ئەو ئاسەوارە لەناو بچێت.

لێدانی بەنداو لەئێران بەمەبەستی دابین كردنی ئاوی خواردنەوە، وەرزێڕی و پیشەیی، بەشێوەی زانستی رەخنەی لەسەرە و كارناسان لەو باوەڕەدان خەسارەكانی دروست كردنی بەنداو لە قازانجەكانی زیاترە و بەنداوی \"داریان\" لە چۆمی سیراوان لە ١٠ كیلۆمیتری شاری نۆدشە لەئوستانی كرماشان یەك لەو بەنداوانەیە كە خەسارێكی بەرچاوی ژینگەیی بە دوای خۆیدا هێنا و بەو هۆیەوە زۆربەی كانیاوەكانیش بۆ وێنە \"بڵ\" مەترسیی لەناو چوونیان لەسەرە.

كانیاوی بڵ لەنزیك ئاوایی هەجیج و گۆڕی (كۆسەی هەجیج) هەڵكەوتووە و خەڵكی ئەو ئاوە بە مەبەستی \"شیفا\"‌ش بەكاری دێنن، هەر بۆیە ئەو ئاوە وەکوو متفەڕک سەیر دەکرێت و هاوکات لە بواری ئابووریشەوە بۆ خەڵكی و ناوچەكە گرینگە.