بەڵێنییەکانی حکومەتی ئێران بە وەرزێران نێوبەتاڵ دەرچوو

14:13 - 6 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی \"جهاد کشاورزی\" لە بۆکان وادە و بەڵێنی بەتاڵ بە وەرزێڕان دەدات.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، وەرزێڕکانی کورد وەکوو توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگای کوردستان، لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە کەوتوونەتە ژێر گوشار و هەڵاواردن.

چەوەندەرکارانی کورد کە بەشێک لە وەرزێڕانی پارێزگای ورمێن، ساڵانێکە لەگەڵ کێشە و گرفتێکی زۆر بەرەوڕوو دەبنەوە، بەڵام ئەم کێشە و گرفتانە سەرەڕای بەڵێنی بەرپرسانی حکوومەت لە ئەمسال دەخرێنە ساڵی داهاتووەوە و بەردەوام بە دروست کردنی بەربەست بۆ چەوەندەرکاران، کێشەیان بۆ زیاتر دەبێت.

هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند کە، كاربەدەستانی ئیدارەی جهادی كشاوەرزی كە هەر ساڵیک تەبلیغات بۆ بەرهەمێكی كشت و كاڵ دەكەن بۆ بەرهەمهێنانی یەک بەرهەم، ئەمساڵیش زۆربەی جوتیارانی ناوچەی چۆمی مەجیدخان و ئاڵەشینی بۆکان خەریكی بەرهەمهێنانی چەوەندر بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری کوردپا، هەر چەند تا ئێستا پارەی چەوەندری ساڵی ڕابردووی وەرزێڕانی چەوەندركاری ئەو ناوچەیە نەدراوە. ئەمساڵیش وەرزێران فریوی تەبلیغاتی كاربەدەستانی حکوومەتیان خواردووە و بەرپرسانی ئەو ئیدارەیە كە ڕایگەیاندبوو ئامادەن كوود و سەم و یارمەتی پارەی پێشەكی بە وەرزێرانی چەوەندەركار بدەن، بەڵام هیچ یارمەتییەكی وەرزێڕانیان نەداوە.
ئەوەش لە كاتیک دایە کە زۆربەی وەرزێڕەکان بە بەرهەمهێنانی چەوەندرەوە سەرقاڵ بوون.

لەو پێوەندییەدا، هەواڵنێڕی کوردپا ماوەیەک لەمەوبەر ڕایگەیاند کە سەرەڕای ئەوەیکە وەرزێڕانی پارێزگای سنە دەغڵ و دانی خۆیان تەحویلی حکوومەت داووە بەڵام پارەکەیان وەرنەگرتووە و ئەوەش ناڕەزایەتیی وەرزێڕانی ئەو پارێزگایەی لێکەوتبووە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردپا لەو بارەیەوە ڕایگەیاندبوو کە ئەمساڵ لە پارێزگای سنە ٨٠٠ میلیۆن تۆن بەرهەمی گەنمی وەرزێڕان تەحویلی حکوومەت دراوە، بەڵام نزیک بۆ ٢ مانگ دەچێت بەرپرسانی حکوومەتی پارەی ئەو گەنمیان نەداوە و ئەوەش ناڕەزایەتیی بەرینی خەڵکی لێکەوتووەتەوە وهەروەها حکوومەت بۆ دانی پارە تەنانەت چەکیشی نەداوەتە وەزێڕەکان تاکوو کاروباری خۆیانی پێ ڕاپەڕێنن.

کێشەی وەرزێڕانی کورد نەتەنیا چارەسەر ناکرێت بەڵکوو پشت‌گوێ دەخرێت و کەس لە بەرانبەر وەرزێڕانەوە وڵامدەر نیە.