بەکارهێنانی چەکی گەرم لە ناوەڕاستی شاری پاوەدا ترس و دڵەڕاوکێی دروست کردووە

16:25 - 24 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: کێشەیەکی بنەماڵەیی لە شاری پاوە و بەکارهێنانی چەکی گەرم لە ناوەڕاستی شاردا، هاووڵاتییانی تووشی دڵەڕاوکێ و ترس کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢١ی بانەمەڕ کەسێک بەناوی \"م. ر\" خەڵکی گوندی داریان، بە چکی کڵاشینکۆف بەرەوڕووی ماڵی هاووڵاتییەکی پاوەیی بەناوی \"س. ر\" تەقەی کردووە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری پاوە رایەگیاند؛ سەرەڕای ئەوەیکە ئەم کردەوەیە بەپێچەوانەی یاساکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بووەو ترس و دڵەڕاوکێی لای دانیشتوانی ئەو گەڕەکە دروست کردووە، بەڵام ئەو کەسەی تەقەی کردووە، ئازادانە ئەسووڕێتەوە و هەتا ئێستا دەستبەسەر نەکراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ ئەو کەسەی تەقەی کردووە، ئەندامی بەسیجی شاری پاوەیە و هەر بەم هۆیەشەوەیە کە هەتا ئێستا لەلایەن هیچ ناوەندێکی حکوومەتی بانگهێشت یان لێپرسینەوەی لێ نەکراوە.

لەم رووداوەدا، کە ئەو ئەندامەی بەسیج تەقەی کردووە، هیچ کەسێک تووشی زیانی گیانی یان برینداری نەبووەو هۆکاری ئەم تەقە کردنەش کێشەی بنەماڵەیی راگەیەندراوە.