بەکارنەهێنانی سیلاح لە بەرەوڕووبوونەوەی ورچ، بریندار بوونی دوو ژینگەپارێزی کوردی لێکەوتەووە

21:19 - 19 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: دوو کەس لە چالاکانی ژینگەپارێزی کوردستان لەکاتی ئاگر تێبەربوونی لە لەوەڕگەکانی شاری داڵاهۆ کەوتنە بەر پەلاماری ورچێک و بەو هۆیەوە بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو هاوڵاتیی کوردی خەڵکی گاوارەی سەر بە شاری کرماشان کەوتنە بەر پەلاماری ورچێکی وەحشی و بە توندی بریندار بوون.

رووداوەکە رۆژی رابردوو لە دارستانەکانی نێوان شاری کرند و شاری گاوارە روویداوە و ئەو دوو هاوڵاتییە کوردە خەریکی ئاگر کوژاندنەوەی دارستانەکانی ئەو ناوچەیە بوون.

بەپێی ئەم راپۆرتە، موحەمەدعەلی بابایی و لەتیف مورادیان بەهۆی زۆربوونی برینەکانیانەوە رەوانەی ناوەندی دەرمانی شاری ئیسلام‌ئاوای رۆژئاوا کراون و لە نەخۆشخانەی ئەو شارە لە ژێر چاوەدێری پزیشکدان.

هەواڵدەریی ئیسنا بڵاوی کردووەتەوە: بریندارەکان سیلاحی راوکردنیان پێی بووە بەڵام بە مەبەستی پاراستنی گیانی خرسەکە کەڵکیان لەو سیلاحە وەر نەگرتووە.

لە چەند حەوتووی رابردوودا، بەدەیان جار دارستانەکانی زاگرۆس ئاگریان تێبەربووە کە شوێنی ئاژەڵە کێوییەکان بە تایبەتی ورچی بۆرن، کە ئەمەش گۆڕان و خەسارێکی گەورەی بە ژینگە و شوێنی ژیانی ئاژەڵە کێوییەکان گەیاندووە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەو ئاژەڵانە بۆ پاراستنی خۆیان و بێچووەکانیان هێرش دەکەنە سەر مرۆڤەکان.

هەر لەم پێوەندییەدا چەند رۆژ پێش ئێستا، لە گوندی \"لەعل‌ئاوا\" لە ناوچەی ماهیدەشت سەر بە ئوستانی کرماشان ورچێک بە هۆی تەقەی راوچییەک بریندار بوو و پاشان تێداچوو.