بەڕێوەچوونی یەکەم فێستیڤاڵی کۆرتە چیرۆکی هەورامی لە شاری نۆدشە

15:10 - 24 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: یەکەمین فستیڤاڵی كورته‌چیرۆكی هه‌ورامی ڕۆژی رابردوو لەلایەن ئەنجومەنی ئەدەبیی کتێبخانەی شاری \"نۆدشه\"ـەوە بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی گەلاوێژی ئەمساڵ بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەران و ڕۆشنبیرانی شارەکانی\" پاوە، مەریوان و سنە\" یەکەم فێستیڤاڵی کۆرتە چیرۆکی هەورامی لە شاری نۆدشە کۆتایی بەکارەکانی خۆی هێنا.

یەکێک لە ئەندامانی لێژنەی داوەران بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، لەو فێستیڤاڵەدا ٧٥ بەرهەم بەشدارییان کردبوو کە ١٥ بەرهەم بە زاراوەی هەورامی لەلایەن لێژنەوە بۆ بەشداری کردن لەو فێستیڤاڵەدا هەڵبژێردران.

ناوبراو رایشیگەیاند کە بە داخەوە هیچ بەرهەمێک لە هەرێمی کوردستانەوە بەشدارییان لەو فستیڤاڵەدا نەکردبوو، بەڵام چەندین بەرهەم بە زمانی فارسی لە شارەکانی \"تاران، شیراز، ئیسفەهان و کرماشان\" رەوانەی بەرێوەبەرایەتیی فێستیڤاڵ کرابوون کەلە لایەن لێژنەی داوەرانەوە ئیزنی بەشداری کردنیان پێ نەدرا.

باس و یاد کردنی \"فەلەکەدین کاکەئی\" و \"شێرکۆ بێکەس\" دوو کەسایەتیی ئەدەبیی کورد، لە وتە و ئاخافتنی بەشداران سرنج ڕاکێش بوو کە زۆرینەی بەشدارانی ئەو فستیڤاڵە بە یاد کردن لەو دوو کەسایەتییە ئەدەبی و نەتەوەییە دەستیان بە خوێندنەوەی بەرهەمەکانی خۆیان کرد.

ناوبراو ئامانجی لە بەرێوەبردنی ئەو فێستیڤاڵەی بۆ پەرە پێـدانی کولتوور، زمان و داب و نەریتی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە گەڕاندەوە و رایگەیاند، زاراوەی هەورامیش وەک کۆنترین زاراوەی زمانی کوردی پێویستە گەشەی پێ بدرێت و زیاتر لە راستای بەرەوپێشچوونیدا کاری بۆ بکرێت.

لە بڕگەی کۆتایی ئەو فستیڤاڵەدا لێژنەی داوەران کەلە \"کامیل سەفرایی، بەدری شەریفیان و کوورش ئەمینی\" پێکهاتبوون سرنج و تێبینی خۆیان بە نسبەت بەرهەمەکانی بەشدارەوە دەربڕی.

لە کۆتاییدا بەرهەمی ٥ کەس بەناوەکانی \"سەباح ئەمینی، مریەم سەڵامەتی، مەحموود مەعازی و رەئووف مەحموودی و فەریبا ئێسماعیلی\" وەک باشترین چیرۆکی فستیڤاڵ دیاری کران و پاشان خەڵاتیان پێشکەش کرا.
\"14663.jpg\"