بەڕێوەچوونی کۆنسێرتی نەوای پاییزە و کرانەوەی پیشانگایەکی کاریکاتێر لەبۆکان

13:08 - 7 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: لەشاری بۆکان کۆنسێرتێکی مۆسیقا و گورانیبێژی لەژێر ناوی \"نەوای پاییزە\" لەحاڵی بەڕێوە چوون دایە و هاوکاتیش پێشانگایەکی تایبەت بە هونەری کاریکاتێر لەو شارە بە رووی هۆنەر دۆستاندا کراوەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٦‌ی خەزەڵوەر کۆنسێرتی نەوای پاییزە بە مەبەستی یارمەتیدانی منداڵانی \"ماڵی بووستان\" لەبۆکان کە پێکهاتوو لە منداڵانی بێ‌سەرپەرست و بەد سەرپەرستن، دەستی بەکارەکانی کرد.

کۆنسێرتی \"نەوای پاییزە\" بە یادی گۆرانیبێژانی ناوداری کورد مامۆستایان: \"سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی، عەلی مەردان، حەسەن زیرەک، محەمەد ماملێ و مەزهەر خالقی\" ساز کراوە و تیایدا بەرهەمە زیندووەکانی موزیکی کوردی و فارسی پێشکەش دەکرێن.

\"16387.jpg\"
ئەو کۆنسێرتە بە سەرپەرستیی رەشید حەیدەری نایەژەنی کورد بەڕێوە دەچێت و لەکاتی کردنەوەی کۆنسێرتەکەدا چەند پارچە مۆسیقاش بە یادی شمشاڵ ژەنی ناوداری کورد قادر عەبدوڵڵازادە ( قالە مەڕە) پێشکەش کراوە.

کۆنسێرتی نەوای پاییزە هەتا ئێوارەیی رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٧‌ی خەزەڵوەر بەردەوام دەبێت.

لەلایەکی دیکەوە یەکەمین پیشانگای هاوبەشی کاریکاتێر کە پێکهاتوو لە بەرهەمی هونەرمەندانی شاری بۆکانە لە رێکەوتی ٦‌ی خەزەڵوەرەوە لە هۆڵی سیمورغ بە رووی هۆگرانی هونەری کاریکاتێردا کراوتەوە و هەتا رێکەوتی ٩‌ی خەزەڵوەر بەردەوام دەبێت.

لەو پیشانگایەدا ٨٠ بەرهەمی هونەرمەندانی کاریکاتێریستی وەک : \"محەممەد ئەمین قوڕەیشی، سلێمان مام رەحیمی، کاوە شێخی، مونیرە ئەحمەدی، یاسین قوڕەیشی، ئیسماعیل جانبڵاخی، محەممەد مەحموودی و مێهری عەزیزپوور پیشان ئەدرێت.