بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە دژی قەتڵە نامووسییەکان لە سنەدا

15:46 - 24 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: چالاکانی مافی ژنان بۆ ناڕەزایەتی بە قەتڵە نامووسییەکان و خۆکوشتنی ژنان، لە سنەدا کۆبوونەوەیەکیان بەڕێوەبرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی بانەمەڕ، بە هۆی بانگەشەی کۆمەڵێک لە ژنانی شاری سنە، کۆبوونەوەیەک بۆ مەحکوومکردنی قەتڵە نامووسییەکان و خۆکوشتنی ژنان لە کوردستاندا بەڕێوەچوو.

ئەم کۆبوونەوەیە لەسەر گۆڕی دوو خوشکە نایسەرییەکە بە ناوەکانی \"پەریا (شایستە) و ئەسرا ئەمینی\"، بەڕێوەچوو.

\"\"هەواڵنێری کوردپا لە سنەدا ڕایگەیاند: مەئموورانی هێزی ئینتزامی، هێرشیان کردە سەر شوێنی کۆبوونەوەی ژنان و دەمەقاڵێی لێکەوتەوە.

یەکێک لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە بە هەواڵنێری کوردپای ڕاگەیاند: \"ئەم کۆبوونەوە بە یەک دەقە بێدەنگی بۆ یادی قوربانییانی توندوتیژی دەستی پێکرد و هێزە ئینتزامییەکان ڕێگایان نەدا کە بەیاننامەکە لەم کۆبوونەوەیەدا بخوێنرێتەوە.\"

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، دوای بڵاوە پێکردنی ناڕازییان، مەئموورانی ئینتزامی ڕایانگەیاندووە کە ئەگەر بهێڵین لێرە کۆ ببنەوە، تا کاتژمێرێکی تر، دەبن بە لەشکرێک.

ئەم کۆبوونەوەیە بە خوێندنەوەی بەیاننامەکە لە سووچێکی تری \"بەهەشتی محەمەدیی سنە\" کۆتایی پێهات.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی بانەمەڕ، \"پەریا و ئەسرا ئەمینی\"، دانیشتووی گەڕەکی \"نایسەر\"ی شاری سنە، لە لایەن نزیکانی خۆیانەوە کوژران. لە هۆکاری کوشتنی ئەم دوو خوشکە، هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.