بەڕێوەچوونی چالاکیی نەمام چاندن لە مەریوان/ دوکەڵی پاڵاوگەی گازی ئیلام و ناڕەزایەتیی ژینگەدۆستان+وێنە

15:37 - 5 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: دووکەڵی پاڵاوگەی گاز لە ئیلام هەڕەشە لە ژینگە و سروشتی ئەو ناوچەیە دەکات و ئەمەش نیگەرانیی ژینگەدۆستانی لێکەوتۆتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دووکەڵی لەڕادە بەدەری پاڵاوگەی گازی ئیلام سیمای سروشت و ژینگەی ئەو ناوچەیەی تێکداوە و ئەمە ش کێشەی بۆ هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە و گەشتیاران دروست کردووە.

بەپێی ئەو وێنانەی بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراون، دووکەڵی ئەو پاڵاوگەیە لە مەوادای چەند کیلۆمیترییەوە بەرچاو دەکەوێت و ئاسمانی ناوچەکەی رەش کردووە.

دووکەڵی ئەو پاڵاوگەیە لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا ناڕەزایەتیی بەرینی لێکەوتۆتەوەو خوازیاری چارەسەر کردنی ئەو کێشەیە و مشوور خواردنێکی بەرپرسانە لەو گرفتە بوون.

لەکاتێکدا ناوچەی ئیلام دەیان شوێنی گەشتیاری، شوێنەوار و تەپۆڵکەی مێژووی لە خۆ گرتووە، دووکەڵی ئەو پاڵاوگەیە بۆتە هۆی ئەوەیکە گەشتیاران زۆر بە کەمی روو لە داوێنی سروشتی ئەو ناوچەیە بکەن.

پاڵاوگەی گازی ئیلام بە مەودای ٢٥ کیلۆمیتر دوور لە باکووری رۆژئاوای شاری ئیلام و ١٢ کیلۆمیتر دوور لە بەخشی \"چوار\" هەڵکەوتووە و لە ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوییەوە کاری بەرهەمهێنانی دەست پێکردووە.

بەخشی چوار لە ناوچەی ئیلام پێش دروستکرانی ئەو پاڵاوگەیە بە یەکێک لە شوێنە گەشتیاری و سەرنجڕاکێشەکانی ناوچەی ئیلام ئەژمار دەکرا، کە چەندین شوێنەواری میژوویی وەک قەڵا، پرد و تەپۆڵکەی مێژوویی لەخۆ گرتووە.

لەلایەکی دیکەوەو بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییان و ژینگەدۆستانی شاری مەریوان، چالاکییەکەی نەمام چاندن لە دەورووبەری ئەو شارە بەرێوەچوو.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەریوان رایگەیاند؛ لەو چالاکییەدا، نزیک بە هزار هاووڵاتی تیایدا بەشداربوون، ٢٣٠٠ نەمام لە پشت گەڕەکەکانی لەیلاخی و چوارباخیی شاری مەریوان نێژران.

لە ساڵانی رابردووشدا، چالاکیی هاوشێوە لەلایەن هاووڵاتییان و ژینگەدۆستانەوە لە دەوروبەری شاری مەریوان و گوندەکانی دەوروبەری ئەو شارە بەڕێوە چووە.

بەپێی ئاماری ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا ٢٥٦ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە شارەکانی مەریوان و سەوڵاوا تۆمار کراوە، کە زیانێکی بەرچاو بە سروشتی ئەو دوو ناوچەیە گەیاندووە.
\"19018.jpg\"

\"19016.jpg\"

\"19017.jpg\"

\"19019.jpg\"

\"19020.jpg\"

\"19021.jpg\"

\"19022.jpg\"