بەڕێوەچوونی ورکشوپێک لە شاری دیواندەرە لەسەر توندوتیژی

14:44 - 22 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنیی کورد، ورکشۆپێکیان لەسەر توندوتیژی لە هەمبەر ژنان و لێکەوتەکانی لە کۆمەڵگای کوردی، لە یەکێک لە گوندەکانی شاری دیواندەرە، بە بەشداریی ٤٠ ژن و کچ بەڕێوەبرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بانەمەڕ، ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مەدەنیی کورد، لە گوندێکی (قوجر)ی دیواندەرە و بە هاوکاریی بهزیستیی دیواندەرە بە بەشداریی چل ژن و کچ ورکشۆپێکیان لەسەر توندوتیژی، بۆ ژنان و کچانی ئەو گوندە بەڕێوەبرد.

لەو ورکشۆپەدا، ڕۆژنامەنووس و چالاکی مەدەنیی \"جەباردەستباز\" بە ئاماژەکردن بە قەیرانی توندوتیژی لە گوندەکانی کوردستان بەرانبەر بە ژنان قسەی کرد و زانیاری خودی ژنانی لەسەر شێوازەکانی توندوتیژی بە گرینگ زانی.

دواتر یەکێکی دیکە لە چالاکانی مەدەنیی بەشداربووی ئەو ورگشۆپە، \"هوشیار بابایی\" خاوەن ئمتیازی دەنگی کوردستان، بە ئاماژە بە دیاردە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگای کوردستان لەوانە دۆخی ژنان، هاوکاریی ناوەندە پەیوەندیدارەکانی بۆ ئەم بابەتە بە گرینگ زانی.

یەکێکی دیکە لە دواندەرانی ئەو ورگشۆپە، \"دڵنیا مەحموودی\" بووە، کە باسێکی لەسەر شێوەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان پێشکەش بە ژنان و کچانی ئەو گوندە کرد.

دواتر، هەر یەکە لە عرفان کەریمی و حوسێن کەریمی کارناسانی بهزیستیی دیواندەرە باسیان لەسەر چۆنیەتی بەرەنگاریی توندتیژی دژ بە ژنان و چارەسەریی کێشەکان کرد.

دوکتور \"ناسر یەزدانی\"، باسێکی لەسەر چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ تووڕەیی پێشکەش بە ئامادەبوونی ئەو ورگشۆپە کرد.