بەڕێوەچوونی میزگردی خەسارناسیی وێژەی کورد لە کرماشان

16:26 - 10 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: میزگردی خەسارناسیی وێژەی کوردی بە بەشداری چالاکانی وێژەی کورد، لە شاری کرماشان بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٨ی بانەمەڕ، میزگردێکی خەسارناسی لە سەر وێژەی کوردی بە بەشداری چەند کەسێک لە چالاکانی وێژەی کوردی لە ناوچەکانی کرماشان و ئیلام لە نووسینگەی حەوتوونامەی \"دەنگی ئازادی\" لە شاری کرماشان بەڕێوەچوو.

لەو دانیشتنەدا کە ژمارەیەک لە شاعیران و نووسران تێیدا بەشدار بوون، بەشداربووان، ڕوانگەی خۆیان لە سەر دامەزراندنی ناوەندێک یان کانوونی نووسەرانی کورد لە کرماشان وئ یلام خستە بەرباس و تاوتوێ کرد.

ئەو کۆمەڵە نووسەر و شاعیرە، بۆ ئەو کارانە پێشنیاریان کرد بە کەڵکوەرگرتن لە کەرەستە یاساییەکان، ئەم کانوونە وەکو ئەنجومەنێکی خەڵکی تۆمار بکرێت.

هەروەها لەو میزگردەدا، نووسەران و شاعیران ئاماژەیان بەوە کرد کە سەرنجی زیاتر بخرێتە سەر بیاڤی نووسراوەکانی زمانی کورد، دامەزاردنی ئەنجوومەنێکی پسپوڕیی شێعری زمانی کوردی لە کرماشان و بەڕێوەبردنی چیرۆک گوتن و وەرگێڕان لەو بابەتانە بوون کە باسیان لێوە کرا.

یەکێکی دیکە لەو باسان کە لەو میزگردە باسی لەوە کرا، دووبارە چاپ کردنی بەرهەمە بە نرخەکانی کوردی لە فۆڕم و قەبارەی جیاوازدا پێویست بە کەڵکوەرگرتن لە دنیای مجازی و بە تایبەت لە ئەپلیکەیشنەکان، کە بتوانێ لە داهاتوودا بۆ هۆگرانی فەرهەنگی و هونەری کوردی ئاکامێکی ئەرێنی هەبێت.