بەڕێوەچوونی فستیڤاڵی ماسیگرتن لە زرێباری مەریوان و لێکەوتەکانی

21:18 - 22 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: فستیڤاڵی ماسیگرتن لە گۆلی زرێبار، بە بەشداریی ژمارەیەک لە میوانانی نێوخۆیی و بیانی، لە شاری مەریوان بەڕێوە چوو، کە ئەو شارە سنوورییە بە هۆی داخرانی سنوورەکانەوە لەگەڵ کێشەی بێکاری و ژیان و گوزەرانی نالەباری خەڵک بەرەوڕوویە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ٢١ی بانەمەڕ، بە بەشداریی ژمارەیەک لە میوانانی نێوخۆیی و بیانی، ڕێورەسمی فیستیڤاڵی ماسیگرتن، لەژێر ناوی \"گەورەترین فستیڤاڵی بنەماڵەیی ماسیگیریی\" لە گۆلی زرێباری ئەو شارە بەڕێوە چووە.

لەو فستیڤاڵەدا، یارییەکانی \"دارت و شترەنج\" و کومەڵێک یاری دیکە بەڕێوە چوو.

هەر چەند فەرمانداری شاری مەریوان، ئیزنی بەرێوەچوونی ئەو فستیڤاڵەی دابوو، بەڵام ئەو فستیڤاڵە لە کاتێکدا بەڕێوە چوو، کە کارناسان گرتنی ماسی لە زلکاوەکانی ئێرانیان بە هۆی وەرزی گەرادانانی ماسییەوە قەدەغە کردبوو.

فستیڤاڵی ماسیگرتن لە شاری مەریوان بە شێوەی سیستماتیک و بە ئاگاداریی فەرماندار و بەرپرسانی حکوومەتی لەو شارە بەڕێوە چوو، کە بە هۆی داخرانی سنوورەکانی کوردستان، شاری مەریوان بە هۆی باری نالەباری ژیان و گوزەرانییانەوە، چەند ڕۆژ دووکان و بازاڕەکانی ئەو شارەیان داخست و مانگرتنی گشتیان بەڕێوە برد.