بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی یادكردنەوەی ئەنفال لەزانكۆی بەهەشتی تاران+وێنە

14:44 - 2 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی كوردپا: خوێندكارانی كوردی زانكۆی بەهەشتیی تاران رێوڕەسمێكیان بە بۆنەی یادی ٢٦ساڵەی كارەساتی ئەنفال لەهەرێمی كوردستان، بەڕێوە برد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ئەو رێوڕەسمە رۆژی دووشەممە رێكەوتی ١‌ی بانەمەڕ بەڕێوە چووە و تێیدا ژمارەیەك لەكەسایەتیی و نووسەرانی ناسراوی كورد و خوێندكارانی كوردی زانكۆی بەهەشتی بەشدار بوون.

رێوڕەسمەكە بەراگرتنی یەك خولەك بێدەنگی بە مەبەستی رێز گرتن لە گیانی شەهیدانی ئەنفاڵ دەستی پێكردووە و دواتر ئەسعەد ئەردەڵان باسێكی لەسەر مێژوو و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئەو پڕۆسە ترسناك و ماڵوێرانكەرە پێشكەش بە بەشداران كرد.

هەر لەو پێوەندییەدا وێڕای پیشاندانی فیلمێكی دیكۆمێنتاری، دوكتور قوتبەدین سادقی كەسایەتی فەرهەنگی كورد و جەلال جەلالی زادە مامۆستای زانكۆ و نوێنەری پێشووی مەجلیس شی كردنەوەیەكیان لەسەر مەسەلەی ئەنفال پێشكەش كرد.

لەو رێوڕەسمەدا نەریمان بە لێدانی شمشاڵ، تریفە كەریمییان و مریەم محەممەدی بە خوێندنەوەی شێعر و پەخشان بەشداری رێوڕەسمەكە بوون و كورتە فیلمێكیش لەژێر ناوی \"ریشە در خاك\" لەدەرهێنانی بیژەن زەمان‌پیرا پیشانی بەشداران دراوە.

ئەنفال پڕۆسەیەكی حیزبی بەعسی دەسەڵاتدار لەعێراق بوو كە بە ئامانجی قڕكردنی بنەچەی كورد و سوتاندنی خاكی هەرێمی كوردستان و نەهێشتنی كولتووری رەسەنی كورد بەڕێوە چوو.

پڕۆسەی ئەنفال ساڵی ١٩٨٨ (١٣٦٧)ی هەتاوی لە هەشت قوناغدا دەستی پێكرد و تێیدا زیاتر لە ١٨٠ هەزار هاووڵاتیی كورد قڕ كران و لە كۆی گشتیی ئەو رێژەیە بەشێكی بەرچاویان زیندە بەچاڵ كران.
\"19490.jpg\"

\"19489.jpg\"

\"19491.jpg\"

\"19487.jpg\"

\"19488.jpg\"

\"19484.jpg\"

\"19486.jpg\"

\"19485.jpg\"

\"19495.jpg\"

\"19496.jpg\"