بەڕێوەچوونی دووهەمین خولی \"خەڵاتی ماف بۆ جیهانی دوور لە مین\" لە شاری سنە

15:12 - 24 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: دووهەمین ڕێورەسمی\"خەڵاتی ماف بۆ جیهانی دوور لە مین\" بەبەشداری ژمارەیەک کەسایەتیی فەرهەنگی و هونەری و ژمارەیەک لە خەڵکی ئاسایی لە هۆڵی ژمارە دووی پەردیسی سینما بەهمەنی سنە بەرێوەچوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی خاکەلێوە، بۆ دووهەمین جار ڕێوڕەسمی \"خەڵاتی ماف بۆ جیهانی دوور لە مین\" دەستی بە کارەکانی خۆی کرد و تێیدا، خەڵاتەکانی ئەو ڕێوڕەسمە بۆ ئەمساڵ دابەش کران.

بە وتەی بەرێوەبەری ئەو ڕێوڕەسمە، ڕێوڕەسمەکە لە سێ بەشی کورتە فیلم، وێنە و لێکۆڵینەوە سەبارەت بە زیان و لێکەوتەکانی مین بەڕێوەچوو.

یەکێک لە کەسایەتییە حقووقییەکانی ئەو ڕێوڕەسمە دوکتور ئەسعەد ئەردەڵان بوو کە سەبارەت بە مەترسییەکانی مین و ڕۆڵی NGOکان لە ئامووزشی مەترسییەکانی مین و ڕێژەی لێکەوتەکانی چەند وتەیەکی پێشکەش بە بەشداربووان کرد.

لەو ڕێورەسمەدا، \"یەڵدا عەباسی\" هونەرمەندی ناسراوی کورد خەڵکی شاری خۆراسان لەلایەن لێژنەی داوەرانەوە وەکوو باڵوێزی دامەرزاوەی ماف دەسنیشان کرا.

هەروەها خەڵاتی ماف بۆ لێکۆڵینەوە سەبارەت بە زیانەکانی مین پێشکەش بە دوکتور نەجمەدین قورەیشی کرا و کورتە فیلمی \"زنگ ورزش\" لە دەرهێنەری جەبار ساڵحی خەڵاتی وەرگرت؛ هەروەها خەڵاتی ماف لە بواری وێنەگرییەوە پێشکەش بە وێنەگران \"ئارش خامووش، بەهمەن شەهبازی، شەهین عەباسی و زەهرا زاهدی\" کرا.

هەروەها چەند ڕۆژنامەنووس خەڵات کران کە بریتی بوون لە: خاتوو جودەکی لە ڕۆژنامەی هاووڵاتی، هوشیار بابایی لە دەنگی کوردستان.

جەبار تەهماسبی ئامانجی بەڕێوەبردنی ئەو فیستیڤاڵەی بۆ زانیاری گەیاندن لە بواری مەترسییەکانی مین و کەم کردنەوەی قوربانی تەقینەوەی مین گەڕاندەوە، هەتا بتوانن ڕێژەی زیانەکانی مین کەمتر بکەنەوە.