بەڕێوەچوونی دوو چالاکیی فەرهەنگی لە شارەکانی سنە و سەقز

15:27 - 4 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: لە کۆڕەێکدا لە شاری سنە، کە بە بۆنەی رێزگرتن مامۆستایانی وانە وتنەوەی زمانی کوردی و درێژەدان بە رەوتی گەشە سەندنی زمان بەرێوەچوو، یادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان و پێشەو قازی کرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە کۆڕێکی رێزلێنان لە مامۆستایانی وانەوتنەوەی زمانی کوریدا لە شاری سنە، کۆمەڵێک شێعر و وتار بۆ رێزگرتن لە ٢ی رێبەندان، ساڵڤەگەری دامەراندنی کۆماری کوردستان خوێندرایەوە.

لەو رێوڕەسمەدا کە ژمارەیەک لە مامۆستایانی زمانی کوردی خەڵات کران، باس لە پارێزگاری کردن لە زمانی کوردی وەکوو گەنجینە و خەزێنەی نەتەوەی کرابوو.

ئەو رێوڕەسمە کە لەلایەن ژمارەیەک لە چالاکانی فەرهەنگی و ئەنجومەنی مەولەویی کورد لە شاری سنە بەرێوەچووبوو، رۆڵی پێشەوا قازی محەمەد لەمەڕ بە فەرمی کردنی زمانی کوردی لە کۆماری کوردستاندا، بەرز نرخێندرا.

کۆماری کوردستان، کە لە رێکەوتی ٢ی رێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ لە سەر دەستی پێشەوا قازی محەمەد و لە شاری مەهاباد دامەزرا، زمانی کوردی بۆ یەکمجار کرایە زمانی راگەیاندن‌، خوێندن، ئیدارە و قوتابخانەکان.

لەلایەکی دیکەوە لە شاری سەقز، لە کۆرێکی رەخنەییدا، وەرگێڕان و شێعرەکانی \"ئەمین گەردیگلانی\" شاعیری کوردی ناوچەی موکریان، لەلایەن شاعیرانی شارەکانی، سەقز، مەهاباد، دیواندەرە، بۆکانەوە تاوتوێ کران.

ئەو کۆڕە، کە لەلایەن ئەنجومەنی ئەدەبیی مەولەویی کورد لە شاری سەقز رێکخرابوو، ژمارەیەک شاعیری وەک \"سەعید نەجاڕی (ئاسۆ)، کەریم دافعی (ک.د. ئازاد)، کەریم حیکمەتی، هیوا ئەسەدی، عەلی گوڵمحەمەدی، رێبوار یووسفی\" شرۆڤەو لێکدانەوەیان بۆ بەرهەمەکانی ئەمین گەردیگلانی کرد.

لەو کۆڕە رەخنەییەدا، کە رێکەوتی ١ی رێبەندان بەرێوەچووە، گەزیزە فەتحی، ژنە شاعیری کورد، شێعرێکی بۆ بەشداران خوێندەوە.

مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ، ٥ بەرهەمی وەرگێڕدراوی ئەمین گەردیگلانی لەلایەن دەزگای خانەی موكریانی لە هەرێمی كوردستان، چاپ و بڵاو بوونەوە.

\"پەسڵان، شەیتان، حاجی موراد، كازاخەكان و سۆناتای كرۆیتیزێر\" پێنج رۆمانی بەرهەمی \"لیۆن تۆلستۆی\" نووسەری گەوەری (رووسیا)ین، کە لەلایەن ئەمین گەردیگلانی شاعیر و وەرگێڕی کوردەوە کرابوونە کوردی.

ئارام. ح
\"24345.jpg\"